سەردێڕ:

گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە

PM:09:07:26/02/2026

1224 جار خوێندراوەتەوە

ئێران و ئەمریکا لە جنێف بە نێوەندگیریی عوممان گەڕێکی دیکەی دانوستانیان ئەنجامدا و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی بۆ نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، جارێکی تر شاندی دانووستانکاری ئێران و ئەمریکا لە جنێف کۆبوونەوە و لایەنی ئەمریکی ستیڤ ویتکۆف سەرۆکایەتی دەکات و ئێرانییەکانیش عەباس عێراقچی سەرۆکایەتی دەکات.

دوای کۆبوونەوەکە ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان گفتوگۆیەکی چڕ و پڕی بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام داوە.

دەشڵێت، کە هەردوو تیمی دانوستانکاری ئەمریکی و ئێرانی، دید و بۆچوونەکانی خۆیان بە شێوەیەکی جددی خستە روو.

وتیشی، هەڵوێستەکانیان جێگیر و نەگۆڕن، هیوادارە دانوستانەکان سەبارەت بە هەردوو تەوەری سەرەکی،"بەرنامەی ئەتۆمی" و "هەڵگرتنی سزاکان"، درێژەیان پێ بدرێت. سەبارەت بە خشتەی کاتیی کۆبوونەوەکانیش وتی، بڕیارە هەر ئەمشەو گەڕێکی دیکەی دانوستان ئەنجام بدەنەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، ترەمپ بەهیچ شێوەیەک نایەوێت و رێگا نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆیە هەوڵدەدات ئەم ئامانجە لە رێگەی دیبلۆماسیەوە بەدیبهێنێت.













گەلەری