سەردێڕ:

پارەی کارمەندانی سەرسندوق لەم پارێزگایە دابەشدەکرێت

PM:05:34:26/02/2026

1044 جار خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان لە هەولێر كارتی بانكیان پێ دەدرێتەوە و دەتوانن لەرێگەی ئامێرەكانی راكێشانی پارەکانیان وەربگرن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە، دەست بە دابەشکردنی کارتەكانی (ماستەر کارد) بۆ خەرجکردنی پارە بەسەر کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەكرێت كە لە هەڵبژاردنی ١١ـی ١١ـی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق كارمەند بوون.

ئاشكراشی كردووە، لە رۆژی یەکشەممە ١ـی مانگی ئازاری ٢٠٢٦، دەست بە دابەشكردنی كارتەكان دەكرێت.

دەشڵێت، پێویستە كارمەندانی كۆمسیۆن سەردانی بنكەکانی تۆمارکردن بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و وەرگرتنەوەی کارتەکه تەنیا بە شێوەی کەسی دەبێت و پێویستە كارتی نیشتیمانی یان كارتی دەنگدەر لەگەڵ خۆی ببات، دابەشکردنەکەش بۆ ماوەی یەک مانگدا لە بنكەکانی تۆمارکردن ئەنجام دەدرێت.

نزیکەی ٢٠٠ هەزار کارمەندی سەرسندووقی دەنگدان لە تەواوی عێراق هەبوو كە نزیكەی ٥٠ هەزاریان لە هەرێمی كوردستان بوون.

بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی كە لە نێوان كۆمسیۆن و ئەو كارمەندانە هەبووە، بڕی پاداشتی كارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن بەجۆرێكە كە سەرپەرشتیارانی بنكەی دەنگدان كە فەرمانبەری حكومەت نین ٤٠٠ هەزار دینار و بەڕێوەبەری وێستگە ٣٠٠ هەزار دینار و كارمەندی سەر سندووقەكانیش ٢٠٠ هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام سەرپەرشتیاری بنكەی دەنگدان كە فەرمانبەری حكومەت بوون ٣٠٠ هەزار دینار و بەڕێوەبەری وێستگە ٢٠٠ هەزار دینار و كارمەندی سەر سندووقەكانیش ١٥٠ هەزار دینار وەردەگرن.













گەلەری