سەردێڕ:

لەبارەی دابەشکردنی خۆراکی ماوەبەسەرچوو لە بەشەخۆراکدا روونکردنەوە دەدرێت

AM:11:31:25/02/2026

744 جار خوێندراوەتەوە

بازرگانی عێراق دەڵێت، دەنگۆی دابەشکردنی هەر جۆرە کەرەستەیەکی خۆراکی تێکچوو یان ماوەبەسەرچوو لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراکدا رەتدەکەنەوە و ئەو کەرەستانەی دابین دەکرێن پشکنینی تاقیگەییان بۆ دەکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، وەزارەتی بازرگانی خۆراک وتی، بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە هەبوونی کەرەستەی خۆراکی تێکچوو (نیسک و دۆشاوی تەماتە) کە لە سەبەتەی خۆراکدا دابەش دەکرێن.

وتیشی، تەواوی ئەو کەرەستانەی دابین دەکرێن، پێش دابەشکردنیان بە وردی پشکنینی تاقیگەییان بۆ دەکرێت و لەژێر رێکاری چاودێرین، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هاوتای کوالێتی و پێوەرە پەسەندکراوەکانن و بۆ خواردنی مرۆڤ گونجاون.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی چاودێری و پشکنین بەردەوامن لە بەدواداچوونی چڕ بۆ کۆگاکان و بریکارەکانی خۆراک، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی ئەو کەرەستانەی لە کۆگانن یان دابەشکراون و رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر لایەنێک دەگیرێتەبەر کە کەمتەرخەم بن یان سەرپێچی ئەنجام بدەن.

باسی لەوەشکرد، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات ورد بن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و پشت ببەستن بە سەرچاوە فەڕمییەکان، نەکەونە دوای ئەو پڕوپاگەندانەی هەیە کە ئامانجیان درووستکردنی کێشە و تێکدانی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک دەدرێن.













گەلەری