سەردێڕ:

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و نێردەی تایبەتی ترەمپ

PM:03:31:23/02/2026

1124 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، نێردەی تایبەتی ترەمپ و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە، چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش یەکێک بوو لە پرسەکان.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە بەغدا کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی گرنگەوە کراو و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق و کێشەکانی تایبەت بە كاندیدەكانی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار یەکێک بووە لە پرسەکان.

وتیشی، فوئاد حسێن لەبارەی پێکهێنانی حکومەت بە تۆم باراکی وتووە، پێكهێنانی حكومەت لە عێراق پرسێكی ناوخۆییە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونی ئەمریکا لەبەرچاو دەگیرێت، کە وڵاتێكی هاوپەیمانە، بەوشێوەی كە لەگەڵ پێداویستی هەر حكومەتێكی نوێ لە عێراق بگونجێت بۆ كارلێكی ئەرێنی لەگەڵ سیاسەتی وڵاتانی تر.

بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆم باراک لەبارەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق وتی، ستایشی هەنگاوەكەی حكومەتی عێراقی دەکات، لە گواستنەوەی ئەندامانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق. هاوکات فوئاد حسێن لەوبارەیەوە دەڵێت، عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بەندكراوانەی كە لە وڵاتانی خۆیان لە پرسی تیرۆر تێوەگلاون، هەڵوێستی توركیا بەرز نرخاندووە لە وەرگرتنەوەی ئەو كەسانەی كە رەگەزنامەی توركییان هەیە.

یەکێکی تر لە پرسەکانی کۆبوونەوەکەی نێوان فوئاد حسێن و تۆم باراک رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا بووە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاڵپشتیكردنی ئەو رێككەوتنە و جەختیان کردەوە لە گرنگیی پابەندبوون بە جێبەجێكردنییەوە، بەهۆی ئەو كاریگەرییە راستەوخۆیەی كە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری سوریا هەیەتی.

هاوکات، پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و دانوستانەكانی نێوانیان پرسێکی تری كۆبوونەوەکە بووە و فوحاد حسێن باسی لەوە کردووە، عێراق پشتیوانی رەوتی ئاشتیانە و گەڕی ئایندەی دانوستانی ئەمریکا و ئێرانە کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ئەم هەفتەیە لە جنێف بەڕێوەدەەچێت بە نێووەندگیری عومان، باسیشی لە مەترسی هەڵگیرسانی هەر جەنگێك و لێكەوتەكانی كردووە لەسەر سەرتاسەری ناوچەكە.













گەلەری