سەردێڕ:

پەیامێکی بەپەلە لە حکومەتی ماوەبەسەرچووەوە بۆ حکومەتی عێراق

PM:05:53:11/02/2026

860 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەڵێت، "رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ٪١٤.١"ـیە و پێویستە بکرێتە بەشە بودجەی هەرێم و شایستە دەستوورییەکانی. دەشڵێت، "دەستکاریکردنی رێژەیە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە رەتدەكەینەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆیان لەبارەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق کرد کە لە مانگی ١١ـی ٢٠٢٤ ئەنجامدراو رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ١٤.١٪ دەستنیشان کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ و پێچەوانەی رێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، رەفتاری لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە کردووە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە رێکاری بە پەلە هەیە بۆ راستکردنەوەی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران دەستکاریکردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە رەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ راستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە رێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی راگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە رێژەی هەرێمی کوردستان ٪١٤.١ـە.













گەلەری