پرسی کورد و کۆدەنگی
PM:06:16:11/02/2026
228 جار خوێندراوەتەوە
ئێلیان جافەر کوردی
+
-
لەم بابەتە، قسەی
ئێمە لەسەر پرسی کورد و کۆدەنگی و یەک هەڵوێستی کوردە لە بەرامبەر داگیرکەرانی
کوردستان، بە ئاییندار و بێئایینەوە.
کورد بەدرێژایی
مێژووی خەباتەکەی لە هەموو پارچەکانی کوردستان دوای دابەشبوونی خاکەکەی بەسەر چوار
وڵاتی داگیرکەر و نەتەوەپەرست، تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا، لەو پەیوەندەدا، دەتوانین
بڵێین کە ئەو گەلە داگیرکراوە لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا زۆر ئازایانە هاتۆتە
دەست و سەرکەوتنی زۆر باشی تۆمارکردووە، بەڵام لەدوایدا سەرکەوتنەکانی بە شکست کۆتاییان
هاتووە. ئەوەش نەک لەبەرئەوەی نەیانتوانیوە درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن، بەڵکوو
بە هۆی خیانەتی ناوخۆیی یان خیانەتی دەرەکییەوە بووە.
دوژمنانی کورد
هەمیشە هەوڵیان داوە دەرفەت و سوود لە بچووکتر کەلێن لە نێوان هێزە کوردستانییەکان
وەربگرن بە بیروباوەڕە جیاوازەکانەوە بۆ ئەوەی لەو کەلێنەوە بێنە ژوورەوە و هەرچی
پێیان دەکرێ و لە دەستیان دێت یەکڕیزی و تەبایی یەکهەڵوێستی کورد تێک بدەن.
ئێمە دەزانین زۆربەی
هەرە زۆری ڕێبەرانی شۆڕشەکانی کوردستان پیاوانی ئایینی (شێخی تەریقەت و مەلا)
بوون؛ هەمووشیان بە تەواوەتی پابەندی شەریعەتەکانی ئایینی ئیسلام بووین. ئەو سەرکردانە،
هیچ کاتێک نیشتمان پەروەرییان دژ بە ئایینی ئیسلامنەبینیوە بۆیە، دەکرێ بڵێین شۆڕشەکانی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو هێزوتینی خۆیان لە پەروەردە و خوێندەوارانی حوجرە و مزگەوتەکانەوە وەرگرتووە.
لێرەدا
نامەوێت ڕۆڵی ئەو سەرکردە و هێزانە پشتگوێ بخەم کە بە بیروباوەڕی دیموکراسی و کۆمۆنیستی
لە پێناو ئازادی و دادپەروەری کوردستان خەباتیان کردووە، بەڵام دیارە کە ڕۆڵی پیاوانی
ئایینی لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا بەرچاوتر بووە، جەماوەریان زیاتر بووە.
کاتێک ئاوڕ لە
مێژووی شۆرش و ڕاپەڕینەکانی کورد دەدەیتەوە دەبینین لە زۆربەی هەرە زۆری شەڕەکاندا
کورد لە شەڕی دەستەویەخەو و ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمندا نەدۆڕاوە بەڵکوو بە هۆی خیانەت
و بە پیلانگێڕی بووە جا وەک گوتم پیلانگێڕەکە لە ناوخۆ بووبێت یان دەرەوە بووبێت.
ئەوەی دەمەوێ لێرەدا
زیاتر ڕۆشنایی بخەمە سەر بەرخۆدانی شێخ مەقسوود و ئەشەرەفییەیە لە شاری حەلەب، کە
٣٠٠ مرۆڤی کورد، جا ئاسایشی گەڕەکانی شێخ مەقسود بووبن یان شەڕڤان، ڕۆڵیان تێدا بینی.
ئەوان وەک پارێزەرانی نیشتمان بەرامبەر بە سوپای دوو دەوڵەتی داگیرکەر (سووریا و
تورکیا) بە هاوکاری دوو دەوڵەتی عەرەبی (قەتەر و سعودیە) زۆر قارەمانانە وەستانەوە و بەرگرییان کرد.
سەرەتا هێزەکانی
هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر نەیانتوانی یەک هەنگاو بێنە پێشەوە بەڵام دواتر بەشێک لە
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی ئەشرەفییە کە لە عەرەبی سوننە بوون خیانەتیان لە هێزە
کوردییەکان کرد و چوونە ڕیزی سوپای داگیرکەران و نیوەی گەڕەکی ئەشرەفیان ڕادەستی هێزەکانی
دوژمن کرد، خۆشیان لە پاڵ هێزەکانی دوژمن پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی ئەشرەفییەیان
دا، ئەوانەش هەر موسڵمان بوون، ئاییندار بوون خیانەتیان لە دۆستەکانی خۆیان کرد.
دواتر ئەوەی، کە
ڕوویدا زۆر جەرگبڕ بوو زیاتر چوونە ناو گەڕەکەکانەوە بەتایبەتی کە تەرمی پیرۆزی کچە
شەڕڤانی کورد، شەهید ئامار، ناسراو بە "دەنیز”یان لە باڵەخانەیەکی گەڕەکی شێخ مەقسوود
فڕێدایە خوارەوە. کە دڕندەیی ئەو تاریکپەرستانە نیشانی تەواوی دنیا دا. بەڵام بەداخەوە،
کە تەواوی دنیا کوێر و نابینا بوون بەرامبەر ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانەی حەلەب.
لەم ئانوساتەدا،
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دڵی کوردستانیانی هێشاند، قسەکانی ئەو مەلایە بوو کە وتی
"ئافرەت چی دەکات لەسەر باڵەخانە، جێگای ئافرەت ماڵەوەیە بۆئەوەی چا بۆ مێردەکەی
تێ بکات. دواتر گوتی: ئەحمەد شەرع بە ڕیشو بە هەیبەتەوە هاتۆتە مەیدان و ئەوانیش بە
ژنی شەڕڤانەوە".
چۆن دەبێت تیرۆرستانی
گرووپەکانی جۆلانی خوێنڕێژ و چەتەکانی تورک، کە نازانن نوێژی بەیانیان چەند رکاتە،
بە موسڵمان بزانێت، بەڵام کچە کوردێکی موسڵمانی نیشتمانپەروەر بە مولحید بزانێت.
جا بەڕاستی ئەم
جۆرە تێگەشتنە لە ئایین وئایینداریدا بە مەبەست بێت یان بێمەبەست یان لە سپڵەیی بێت،
ئەوە ئەو کەلێنەیە کە دوژمنی نەتەوەکەت بە ئاسانی لێی دەگەڕێت لەوێوە لەڕێگای ئەو
سپڵە و خیانەتکارانە ئەو کەلێنە فراونتر دەکات و خۆی تێدەخزێنێت و یەکڕیزی و تەبای
و یەک هەڵوێستی کورد لە ناو دەبات.