وەزیری دادی عێراق دەڵێت، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بەردەوامە و ژمارەیان پێنج هەزاری تێپەڕاندووە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو چەکدارانە رەوانەی زیندانەکانی هەرێم ناکرێن و لەلایەن دەستەیەکی دادوەریی تایبەتەوە دادگایی دەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، بە هیچ شێوەیەک رەوانەی زیندانەکانی هەرێم ناکرێن.
ئاماژەی
بەوەشکرد، هەردوو زیندانی چەمچەماڵ و سووسێ تایبەتن بە تاوانە گشتییەکان نەک تیرۆر،
بۆیە چەکدارانی داعش لە زیندانی تایبەت بە تیرۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دەهێڵدرێنەوە.
سەبارەت بە
ئاماری زیندانییە گواستراوەکانیش ئاشکرای کرد، تا ئێستا پێنج هەزار و ٤٦ زیندانیی
داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بگاتە شەش هەزار
کەس.
دەشڵێت، سەرجەم
ئەو زیندانییانە لەژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لەلایەن دەستەیەکی
دادوەریی پسپۆڕەوە لە عێراق دادگایی دەکرێن.
وتیشی، زۆربەی
زیندانییەکان هەڵگری رەگەزنامەی بیانیی نزیکەی ٦٠ وڵاتی جیاوازن و لەوبارەیەشەوە لەگەڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی پەیوەندیدار لە پەیوەندیی بەردەوامدان تاوەکو
دوای تەواوبوونی دادگاییەکەیان، وڵاتەکانیان وەریانبگرنەوە.