AM:10:55:11/02/2026
688 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات و نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکیش بێت و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، باشترین بڕیارێک ترەمپ بیدات دوورکەوتنەوەیە لە جەنگ.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی شوباتی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت، ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئێمە بگاتە رێککەوتن بەڵام مەرجی ئێمە ئەوەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئێران خاوەنی ئەتۆم و مووشەک بێت و هەروەها، لەوانەیە هێز و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری تر بنێرنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناتانیاهۆ دەیەوێت رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران بکرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاماژەی بەوە کرد،
ناتانیاهۆ شەڕی دەوێت و فشار دەکاتە سەر ئەمریکا بۆ دەسپێکردنی جەنگ. وتیشی،
باشترین بڕیارێک کە ترەمپ بیدات دوورکەوتنەوەیە لە بژاردەی جەنگ. هاوکات عەلی
لاریجانی، سکرتێری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش وتی، لەگەڵ ئەمریکا جگە لە پرسی
ئەتۆمی دانووستان لەسەر هیچ پرسێکی تر ناکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
ماوەیەک لەمەوبەر دانووستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عومان دەستیپێکردووەتەوە و
ئەمریکا داوای ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆمی و مووشەک دەکات و ئێرانیش دەیەوێت سەرجەم
سزا ئابوورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێت و نایەوێت جگە لە پرسی ئەتۆم لەسەر هیچ پرسێکی
تر دانووستان بکات.