PM:05:27:10/02/2026
1272 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی یهكێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لەبارەی هەڵوێستی بەرامبەر حزبە خاوەن ئایدیۆلۆژیا عەلمانییە توندەکان، وەک هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیان، هەڵوێستێکی بنەمایی و فیکرییە، کە سەرچاوەی لە ناکۆکیی بنەما عەقیدی و فەلسەفییەکانی ئەوانەوە گرتووە لەگەڵ مەرجەعیەتی ئیسلامیی مندا، "من لەگەڵیان نیم، بەڵکو دژی ئایدیۆلۆژیاکانیانم".
ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی شوباتی ٢٠٢٦، عهلی قهرهداغی، سەرۆکی گشتی یهكێتی زانایانی موسوڵمانی جیهان له نوسینێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر، باسی لهوهكردووه، "پرسیارێکیان لێکردم دەربارەی ئایا تۆ لەگەڵ گەلی کوردیت؟ ئایا تۆ لەگەڵ هەسەدەیت، ئەمە دوو پرسیار بوون کە پێویستم بە وەڵامدانەوەیان نەبوو، ئەگەر هەندێک کەشی تەمومژاوی و هەندێک هەوڵی فیتنە و بوختان نەبوایە، کە وایان لێکردم رونکردنەوەیەک بدەم بۆ بڕینی رێگە لە دەنگۆکان و دانانی شتەکان لە شوێنی راستی خۆیان".
ئاماژهی بهوهشكردووه،
"بە روونی و بێ تەمومژ دەیڵێم، من موسڵمانم، کوڕی ئەم ئایینەم، وەلائم بۆ
خودا و پێغەمبەرەکەی و ئیماندارانە، ئینتیمای یەکەم و کۆتاییم بۆ ئیسلامە، لە
سەرەتای تەمەنمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بێ هیچ دو فاقییەک و بێ هیچ پلەبەندییەک لە
بەهاکانمدا، لەژێر سێبەری ئەم ئینتیما باڵایەدا، هەمو ئینتیما نەتەوەیی، نیشتمانی
و مرۆییەکانی دیکە دێن، تاوەکو ئەوکاتەی پابەندی بنەما بڕاوەکانی ئیسلام بن و
لەگەڵ بنەڕەتەکانیدا پێچەوانە نەبن و دژی مەبەستە گەورەکانی نەبن، لە فەزڵی خودای
گەورەیە کە فیکرم بە هیچ عەقیدەیەکی فاسد و ئایدیۆلۆژیای هیچ پارتێکی عەلمانی پیس
نەکردووە".
ئاماژەی
بەوەشکردووە، هەڵوێستم بەرامبەر حزبە خاوەن ئایدیۆلۆژیا عەلمانییە توندەکان، وەک
هەسەدە، حیزبی کۆمۆنیست، بەعسی سۆشیالیست و هاوشێوەکانیان، هەڵوێستێکی بنەمایی و
فیکرییە، کە سەرچاوەی لە ناکۆکیی بنەما عەقیدی و فەلسەفییەکانی ئەوانەوە گرتوە
لەگەڵ مەرجەعیەتی ئیسلامیی مندا، لەگەڵیان نیم، بەڵکو دژی ئایدیۆلۆژیاکانیانم کە
لەگەڵ ئاییندا دەیکەن بە شەڕ، یان پەراوێزی دەخەن، یان دژایەتی دەکەن. بەڵام ئەم
ناكۆکییە عەقیدی یان فیکرییە، لای من هەرگیز نابێتە هۆی ستەمکردن لە کەس، و پاساو
نییە بۆ دەستدرێژی، و رقێکی کوێرانەش بەرهەم ناهێنێت".