سەردێڕ:

سودانی چەند زانیارییەک لەبارەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش بۆ عێراق ئاشکرا دەکات

PM:04:29:10/02/2026

916 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ ناوخۆی وڵات بڕیارێکی نیشتیمانییە و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی عێراق، ناوچەکە و جیهانە لە مەترسییەکانی تیرۆر.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ـی شوباتی ٢٠٢٦، نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ماهر سالم تەمیمی، باڵیۆزی ئوردن لە بەغدا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بۆ رێگریکردنە پشێوییەکانی ناوچەکە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولاباسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی هاریکاریی سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسر کرد بۆ چەسپاندنی ئارامی لە تەواوی ناوچەکەدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، سوودانی داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاوکاری بن بۆ ئەوەی بەزوویی هاوڵاتییە تووندڕەوەکانی خۆیان لە عێراق وەربگرنەوە.

لای خۆشیەوەباڵیۆزی ئوردن، ستایشی رۆڵی عێراقی کردووە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن لە دۆسیەی گواستنەوەی زیندانییەکان و جێگیرکردنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.













گەلەری