سەردێڕ:

سۆمۆ: لە سێ مانگی رابردوودا ١٩ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی هەرێم هەناردەکراوە

PM:04:47:15/01/2026

1080 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، لە سێ مانگی رابردوودا ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتییان لە هەرێمەوە هەناردەکردووە. دەشڵێت، بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٥ـی کانوونی دووەمـی ٢٠٢٦، عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێم بەردەوامە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە".

جەختیشی کردەوە "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەوە لە ٢٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥، تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی ١٩ ملیۆن بەرمیل و "تێکڕای مانگانەش نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیلە."

باسی لەوەشکردووە، "سرووشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە رێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە.

دەشڵێت، "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت و رێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە رێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبوڵکراودایە بەپێی پێوەر و رێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت."













گەلەری