سەردێڕ:

وەزارەتی پلاندانان: رێژەی هەژاری لە عێراق کەمیکردووە

PM:03:34:06/12/2025

252 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، رێژەی هەژاری بەراورد بە ساڵانی رابردوو بۆ ٦٪ دابەزیوە و ئامادەکاریشی بۆ دەستپێکردنی ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری بۆ ساڵی ٢٠٢٦-٢٠٣٠ دەستپێکردووە.


ئەمڕۆ شەممە ٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، عەبدولزەهرا هەنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وتی، رێژەی هەژاری لە عێراق لە ئەمساڵدا دابەزینی روونی بەخۆیەوە بینیوە، هۆکارەکەش بۆ زنجیرەیەک سیاسەت و رێوشوێنی حکومەت دەگەڕێتەوە کە بۆ رووبەڕووبونەوەی هەژاری دایناوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی دواین راپرسی کە وەزارەتی پلاندانان ئەنجامی داوە دەرکەوتووە رێژەی هەژاری بۆ ١٧٪ دابەزیوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەکە ٢٣٪ بووە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانان هۆکارێکی دیکەی دابەزینی رێژەی هەژاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و فراوانکردنی چاودێری کۆمەڵایەتی گێڕایەوە، کە چین و توێژی زیاتر لەخۆدەگرێت.

وتیشی، سندوقی پاڵپشتیکردنی ناوچە هەژارەکان لە ساڵانی رابردوودا پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ژمارەیەک پارێزگادا جێبەجێکردووە، جگە لە رۆڵی سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی پلاندانان، کە دەیان پڕۆژەی زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێکردووە، لەوانە دروستکردنی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، درێژکردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، چاککردنی رێگاوبانەکان.

سەبارەت بە پلانیان بۆ ساڵانی داهاتوو، ناوبراو ئاشکرای کرد وەزارەتی پلاندانان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی ستراتیژی کەمکردنەوەی هەژاری بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠، کە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەی کە لە دوو ستراتیژی پێشوودا سەرکەوتوو بوون.













گەلەری