سەردێڕ:

رێکخراوی پەیامنێران: ئیدانەی ئەو هێزانە دەکەین بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هێرشدەکەنە سەر رۆژنامەنووسان

PM:07:09:29/11/2025

1040 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی پەیامنێران دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی رۆژنامەنووسان دەدەن، کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە.


ئەمڕۆ ٢٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، رێکخراوی پەیامنێران لە راگەیەندراوێکدا دەشڵێت، ئەمڕۆ لە گوندی لاجانی سەر بە ناحیەی گوێڕ، دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی تایبەت بە مەبەستی دامەزراندنی خەڵکی ئەو ناوچەیە و بەجێنەگەیاندنی بەڵێنێک، ئاڵۆزی لێکەوتەوە و ئەوەی بووە جێگەی نیگەرانیی هێزە ئەمنیەکان هەڵیانکوتایە سەر تیمەکانی راگەیاندن و بەشێک لە میدیاکاران و لە ئەنجامدا قوربانیی لێکەوتەوە.

وتی، ئیدانەی ئەو پەلاماردانەی هێزە ئەمنیەکان دەکەین، کە بە جلوبەرگی مەدەنیەوە هەڵدەکوتنە سەر رۆژنامەنووسان و دەست بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان دادەگرن، کە ئەمەش جۆرێکە لە مەترسی و بەردەوامی پێشێلکارییەکان، کە رووبەڕووی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەبێتەوه و ئازادی رۆژنامەگەریی بەرتەسک دەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزه ئەمنییەکان دەست لەو مامەڵە نابەجێیە هەڵگرن، کە دەرحەق بە پەیامنێران دەیکەن و هەموو سنوورێکی ئازادی دەشکێنن و هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنی رۆژنامەنووسانیان دەدەن، کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە و ناکرێت وەک رێکخراوێکی تایبەت بە رۆژنامەنووسان بێدەنگ بن و بەرامبەر بەو حاڵەتانە هەڵوێستی توندمان دەبێت.













گەلەری