سەردێڕ:

لە سنووری داقوق بەهۆی هێرشی بەرازەوە دوو کەس برینداربوون

PM:04:00:24/11/2025

880 جار خوێندراوەتەوە

بەیانی ئەمڕۆ دوو هاوڵاتی لە سنووری داقووق بەهۆی پەلاماری بەرازەوە برینداربوون و لەماوەی هەفتەیەکدا شەش کەس بەهۆی هێرشی رەوە بەرازەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە ئێن ئاڕ تی وت، "بەیانی ئەمڕۆ دوو هاوڵاتی بەبرینداری گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دوای پشکنینی سەرەتایی دەرکەوت کە بەهۆی هێرشی رەوەبەراز بۆ سەریان بریندار بوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە شەشەم حاڵەتە کە بەهۆی هێرشی رەوە بەرازەوە شەش هاوڵاتی بەبرینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و بەشێکیان چارەسەریان بۆ کراوە و بەشێکی دیکەیان لەژێر چاوێری پزیشکدان.

دەشڵێت، تەنیا یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە.

باسی لەوەشکرد،بریندارەکان شەش گەنجن و پێکدێن لە پێنج کوڕ و کچێک و سەرجەمیان دانیشتووی سنووری داقوقن، زۆربەی حاڵەتەکان بەهۆی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیانەوە بووەو لەو کاتەدا رەوە بەراز هێرشی کردووەتە سەریان و برینداری کردوون.



سۆران عەبدوڵا - کەرکوک













گەلەری