سەردێڕ:

لە هەرێم ئەمساڵ زیاتر لە ٦٠ کەس لە ئاودا خنکاون

AM:11:16:24/11/2025

756 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی خنکان لە ئاودا بۆ ئەمساڵ نزیک دەبێتەوە لە ژمارەی خنکانی لە تەواوی ساڵی رابردوو و زۆرترین رووداوەکانی خنکانیش لە هەولێر بوون.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦١ کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون، لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، زۆرترینیان لە هەولێر و کەمترینیان لە هەڵەبجە بووە، لە کاتێکدا تەواوی ساڵی رابردوو ٦٤ کەس لە ئاودا خنکاون.

وتیشی، لەناو خنکاوانی ئەمساڵدا تەرمی دوو کەس تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، کە یەکێکیان ئاڤێستایە و ئەوی دیکەش منداڵێکە، هۆکارەکەشی هەڵکەوتەی جوگرافیی و سەختی بەشێک لە شوێنەکانە بەهۆی بوونی ئەشکەوت و کون و کەلەبەر لەناو ئاوەکاندا.

دەشڵێت، لە هەوڵی بەردەوامی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییاندان بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی خنکان لەڕێگە جیاوازەکانی وەک، هەڵواسینی رێنمایی و بوونی تیمەکانی بەرگریی لە زۆربەی شوێن و رووداوەکان.

بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ ٢١ کەس لە سنووری هەولێر، ١٠ کەس لە سنووری سۆران، هەشت کەس لە سنووری زاخۆ، هەشت کەس لە سنووری ئاکرێ، پێنج کەس لە سنووری دهۆک، سێ کەس لە سنووری سلێمانی، لە سنووری هەڵەبجە دوو کەس، لە سنووری راپەڕین دوو کەس و لە گەرمیانیش دوو کەس، خنکاون.













گەلەری