PM:11:01:23/11/2025
880 جار خوێندراوەتەوە
ماوەی ١٠ ساڵ زیاترە حکومەتی ماوەبەسەرچوو نەوتی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەکردووە و هاوڵاتیانی ناوچە کوێستانییەکانیش دەڵێن، بۆ تێپەڕاندنی وەرزی زستان هەر ماڵێکیان سێ بۆ پێنج بەرمیل نەوتیان پێویستە و حکومەتی ماوەبەسەرچووش نەوتیان پێدەفرۆشێت.
وردە وردە سەرما باڵی بەسەر هاوڵاتییانی ناوچە کوێستانییەکان کێشاوە و بەشێک لە هاوڵاتیانیش بۆ ئێن ئاڕ تی باس لەوەدەکەن، هەر ماڵێک سێ بۆ پێنج بەرمیلیان پێویستە بۆ تێپەراندنی سەرمای زستان، ئەگەرچی نۆرەیان بۆ وەرگرتنی بەرمیلێک نەوت گرتووە بەڵام وەک دەڵێن لەبری دابەشکردن حکومەتی ماوەبەسەرچوو نەوتی خۆیان پێیان دەفرۆشێت.
فرۆشتنی نەوت بە
نرخی ١٠٤ هەزار دینار بە هاوڵاتیان لەکاتێکدایە حکومەتی ماوەسەرچوو ٥٠ هەزار بەرمیل
نەوت رۆژانە نادات بە بەغدا بە پاساوی بەکارهینانی بۆ پیداویستی ناوخۆ کەچی نرخی
سوتەمەنیش تادێت گران تر دەبێت.
بەگوێرەی سۆراغێکی
ئێن ئاڕ تی حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئەو نەوتەی بە خەڵکی دەفرۆشێت هی کێلگە نەوتیەکانی
هەرێمی کوردستانە و دەیدات بە کۆمپانیا حزبیەکان و ئەوانیش بەشێکی بە حکومەت دەفرۆشنەوە
و ئەوەی تری لەبازاری رەشدا ساغ دەکەنەوە.
ماوەی زیاد لە ١٠
ساڵە حکومەتی ماوەبەسەرچوو نەوتی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش نەکردووە
و لەبری ئەوە ساڵانە نەوت بە نرخی بازار بە هاوڵاتیان دەفرۆشێت.
سابر عەبدوڵا - ئیدارەی راپەڕین