سەردێڕ:

پارێزگاری هەولێر: هاوینێکی سەخت و بێ ئاوی چاوەڕێی هەولێر دەکات

PM:01:05:27/04/2025

2324 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کێشەی کەم ئاوی هەولێر چارەسەردەکەن و وتیشی ئەمساڵ هاوینێکی زۆر سەخت و بێ ئاوی چاوەڕێی هەولێر دەکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ـی نیسانـی ٢٠٢٥، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لە رێگەی دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە بە دوو قۆناغ کێشەی کەم ئاوی هەولێر چارەسەر دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغی یەکەم لە کۆتایی مانگی شەش تەواودەبێت و لە کۆتایی ساڵیش قۆناغی دووەم کۆتایی دێت و بەم هۆیەشەوە کێشەی کەم ئاوی بۆ ماوەیەکی درێژ مەودا لە هەولێر چارەسەردەکەن.

ئەم قسانەی پارێزگاری هەولێر لەکاتێکدایە، هەموو ساڵێک پێش وەرزی هاوین بەرپرسانی ئەو شارە و حکومەتی کاربەڕێکەر دڵنیایی ئەوە دەدەن کە ناهێڵن دانیشتوانی هەولێر توشی کەم ئاوی ببنەوە، بەڵام بەڵێنەکانیان هەر بە بەڵێنی ماوەتەوە و تاوەکو ئێستا چارەسەری کێشەی کەم ئاوی هەولێریان نەکردووە.













گەلەری