سەردێڕ:

کێ لەگۆڕینى ئەو لارسەنگییە زیانمەندە؟

PM:01:15:22/02/2026
992 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

چەندین ساڵە لەهەرێمی کوردستاندا، لارسەنگیەکی سیاسی داسەپێنراوە و ناونراوە "تێکچوونی هاوسەنگی هێز " ئەمەش سەرچاوەى سەرەکی زۆربەى قەیران و کێشە و ئازارەکانى خەڵکیە بەهۆى ئەوەی:

گروپێکى کەم یان ڕاستر زۆرجار یەک کەس بڕیاردەدات ( موچە دوابخات، باج زیاد بکات، کەرتى گشتى پەکبخات و تایبەت زیاد بکات، نەوت بفرۆشێت و نەفرۆشێت، ڕۆلى دامەزراوەى دەوڵەتى پەراوێز و لاواز بکات، دامەزراندن بۆ کێ بێت و بۆ کێ نەبێت، پەیوەندیەکانى هەرێم چۆن بێت.....زۆر هاوکێشەى دیکەی سیاسی وئابووری ووردتر...).

نەک هەر هێندە ئەم هەژمونە لەحکومڕانى خەریکە بچێتە ناو پەیوەندیە ئاساییەکانى ژیانى ڕۆژانەى خەڵکیشەوە ئەوەی سەر دەسەڵاتێکی دیاریکراو نەبێ، نەتوانێ بەئاسانى بژێ و دەست لەقوڕگی گیربکرێ، لەساڵانى ڕابردووشدا ئەوانى دیکە بەشدارپێکراون لەو نەزمە یان تەنها ڕۆڵى تەماشەکەریان پێدراوە و ئەمەش هاوسەنگی حکومڕانی لارسەنگ کردۆتەوە و لەئەنجامدا خەڵکی باجەکەی داوە.

دوای دەیان ساڵ ئێستا بەهەل و ڕێکەوتنێک کە هاتۆتە پێشەوە،کەداڕێژەری ئەو نەخشە ڕێگایەش شاسوار عەبدولواحیدە کە بەسەرکردەی قوربانیە گەورەکان ناسراوە بۆ گۆڕانکاری، بۆ ئەوەی لانیکەم ئەم لارسانگییە بگۆڕێت بەهاوسەنگیەکى باشتر و ئەم شتانەش ڕووبدات:

- تەنها یەک گروپ ویەک کەس بڕیارنەدەن و چیان بیەوێت بیسەپێنن.

- دۆخى موچە لەئێستا باشتربێت.

- باج و سەرانە کەمبکرێتەوە.

- گۆڕانکاریەکی باشتر لەژیانى خەڵکیدا ڕووبدات.

- بودجە بگەڕێتەوە و پەرلەمان ڕۆڵە سەرەکیەکەی خۆی بگێرێت کە ئێستا خراپتر لەجاران پەکخراوە.

کێ زیانمەندە بەو گۆڕینە..؟ جگە لەوانەی لەبەرەکەی دەخۆن..؟

ڕەنگە لەخەڵکانى دڵسۆز و بێ بەرژەوەندى بەرتەسکى حزبایەتى هەبن و بڵێن، ئەم شتانە ڕوونادەن و ئەو بەڵێنانەش جێبەجێ ناکرێن، ئەمەش پرسیارێکی دروستە بەڵام لەوەش گرنگتر ئەمەیە:

جا گەر ڕووشینەدا و هەر ئەم گروپ وکەسانە و سیستمەکەیان وەکو خۆیان مانەوە و دۆخى خەڵکیش لە ئێستاش خراپتربوو..؟ ئەوجا چى..؟ کێ لێى بەرپرسە و کێ دەتوانێت وەڵام بداتەوە..؟

ئەوانەى کە ئێستا دوور دەگرن و تۆمەتیش دەبەخشنەوە، چ بەرپرسیارێتیەک هەڵدەگرن بەتایبەت کە خەڵکیش دەنگى پێدابێتن بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانیان کەمێک باشتربێت..؟

چونکە مانەوەی ئەم دۆخ ودەسەڵاتە بەم شێوەیە، وەکو هاوکێشەیەکی بیرکاری لێهاتووە، واتا مانەوەی ئازار وخەم و قەیران و بەڵاو نەهامەتی، واتا درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم حکومڕانیە،کەلەسەر کورتکردنەوەی تەمەنی هه موومان دەژێت..!

گەلەری