دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، دەستبەسەرداگرتنی ١١ ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی راگەیاند، كە لەناو سێ كۆنتێنەردا بوونە و ویستویانە لە دەروازەی ئوم قەسری ناوەڕاستەوە داخڵی بكەن.
ئەمڕۆ شەممە ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥، دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دەستەكە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە خوار مۆدێلن و ڕێگە بە هاوردەكردنیان نادرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی ئوم قەسری ناوەڕاست، دوای
وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئوم قەسر، توانیویەتی دەستبەسەر سێ
كۆنتێنەردا بگرێت كە ١١ ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی تێدابووە و ئامانج داخڵكردنی بووە
بە نایاسایی.
بەگوێرەی رایگەیەندراوەكە، دوای
پشكنین و پشتڕاستكردنەوە دەركەوتووە كە دەستكاری ژمارەی شانسیەكانیانی ئەو
ئۆتۆمبێلانەكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەك بە هاوكاری لەگەڵ ناوەندی گومرگی پێكهێنرا،
هەروەها راپۆرتی فەرمی دەستبەسەرداگرتن ئامادەكرا، ئۆتۆمبێلەكان رەوانەی بنكەی
پۆلیسی گومرگی ئوم قەسر كران بۆ گرتنەبەری رێكاری یاسایی گونجاو.