سەردێڕ:

عێراق پلەی پێنجەمە لە نێو گەورەترین هاوردەکارانی کاڵای تورکی

PM:01:02:26/04/2025

976 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابوری، ئاشکرای کرد، عێراق بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک هاوبەشێکی بازرگانی گەورە بۆ تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق لە ساڵی رابردوودا لە پلەی پێنجەمی هاوردەکاری کەلوپەل لەو وڵاتە بووە.


ئەمڕۆ شەممە ٢٦ـی نیسانـی ٢٠٢٥، مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابوری رایگەیاند، بەهای هەناردەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا گەیشتە نزیکەی ٢٣٧ ملیار دۆلار، لەو ژمارەیەش عێراق ١٢ ملیار دۆلاری وەرگرتووە و لە پلەی پێنجەمدایە لەنێو گەورەترین هاوردەکارانی کەلوپەلی تورکی.

ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین ئەو کاڵایانە کە عێراق لە تورکیاوە هاوردەی دەکات، بەسەر چەند بەشێکدا دابەشدەکرێن، لەوانە مۆبیلیات، شیرەمەنی و بەرهەمەکانی گەنم، سەوزە، دار، جوانکاری، بەرهەمی فرێدان، بەرهەمی خۆراکی جۆراوجۆر، بەرهەمی ککاو، بەرهەمی جۆراوجۆری دروستکراو، جگەرە و تووتن، بەرهەمە شیرەمەنیەکان، خۆراکی ئاژەڵان، گۆشت و ئەو کەلوپەلانەی لە گۆشت و ماسی ئامادەکراون.

وتیشی، عێراق لە هاوردەکردنی گۆشتدا پلەی یەکەمی گرتووە، کە ٪٦٥ـی کۆی هەناردەی تورکی لەم کەرتەدا پێکدەهێنێت.

هەروەها، سەبارەت بە دیارترین کاڵای هەناردەکراوی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٤، وتی، کەرەستەی میکانیکی لە پلەی یەکەمدا هاتووە، کە دەکاتە ٪١٠ـی کۆی هەناردەکردنی تورکیا، لەگەڵ ئەوەی عێراق لە پلەی نۆیەمدایە وەک هاوردەکاری سەرەکی بە پشکی ٪٢.٧٨ـی ئەو هەناردەکردنانە، لە دوای ئەویش ئامێرە کارەباییەکان دێت کە ٪٦ـی کۆی هەناردەکردنیان پێکهێناوە، عێراقیش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە لەنێو گەورەترین هاوردەکارەکان کە پشکی ٪٤٠٦ـی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە عێراق کاربکات بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکیش لە رێگەی کردنەوەی بازاڕ بەڕووی رکابەرەکانی دیکە و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە بەرهەمە تورکییەکان، ئەمەش بە رووکردنە وڵاتانی وەک سعودیە و ئوردن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی تورکیا لەسەر عێراق، کە رەنگە لە هەندێک حاڵەتدا لە رووی سیاسییەوە بقۆزرێتەوە.













گەلەری