وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا گەیشتە مەسقەت و سبەی دانوستانەکە بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عومان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ـی نیسانـی ٢٠٢٥، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتە شاری مەسقەت.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیبلۆماتی بۆ بەشداری لە گەڕی سێیەمی دانوستانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە مەسقەت.
وتیشی، عراقچی سەرۆکایەتیی شاندێکی
تایبەتی دیبلۆماتی و تەکنیکی دەکات و بڕیارە سبەی شەممە بەدر بوسعێدی، وەزیری
دەرەوەی عوممان نێوەندگیری دانوستانی ناڕاستەوخۆ بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، شاندی دانوستانکاری
وڵاتەکەی، لە گەڕی ئەمجارەدا پێداگرن لەسەر بە دەستهێنانی گەرەنتی یاسایی بۆ
پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران، وەک بەرنامەیەکی تەواو ئاشتیخوازانە.
هەروەها، کۆتایی هێنان بە سزا
سەپێنراوە نایاسایی و نامرۆییەکان بە گشتیی و بە پەلە، کاری لە پێشینەی دانوستانی
ئەمجارەی شاندی ئێران دەبێت لە عوممان.
هاوکات، ئەمەش دەبێتە سێیەمین گەڕی
دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لە ماوەی سێ هەفتەدا، گەڕی دووەم لە رۆمای ئیتاڵیا
بەڕێوەچوو.