ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، گفتووگۆکان لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەردەوامە و یەکێتی و پارتی لەسەر زۆربەی پرسەکان گەیشتوونەتە ئەنجام و لەرێکەوتنی کۆتایی نزیکن.
ئەمرۆ چوارشەممە ٢٤ـی نیسانـی ٢٠٢٥، هیوا ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە نێوان یەکێتی و پارتی تەنها دابەشکردنی پۆستەکان ماوە و پارتی پۆستی سەرۆکی هەرێم و حکومەتی دەوێت و بەمافی خۆی دەزانێت.
ئاماژەی
بەوەشکرد، بۆ پارتی قورسە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم و حکومەت ببێت، مەسرور
بارزانی دەوڵەتمەدارە و لە بەڕێوەبردنی حکومەت سەرکەوتوو بووە و مەسرور بارزانی،
خوا دایناوە بۆ سەرۆک وەزیران
وتیشی،
پارتی و یەکێتی رێککەوتوون قسە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت نەکەن تا دەگەنە
ئەنجام و لە چەند مانگی داهاتوو پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق حکومەتی نوێی هەرێم
پێکدێت.
دەشڵیت،
وەکو پارتی پێمان خۆشبوو حزبەکانی دیکە بەشداری حکومەتبکەن، پێدەچێت پارتی
سۆسیالیست بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت بکات و بەشێک لە حزبەکان مەرجی قورسیان
هەیەو هەندێکیشیان خۆیان بەشداری ناکەن.
باسی
لەوەشکرد، پارتی گەڕاوەتەوە کەرکووک و لە ئاستی حکومەت و حزبەکان و پێکهاتەکان
پیرۆزباییان لێکراوە و یەکێتی لە کەرکووک سەردانی بارەگای پارتی کردووە بۆ
پیرۆزبایی کردن و پەیوەندییمان زۆر باشە.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای دابڕانمان لە کەرکووک
رێکخستنەکانی پارتی لەکەرکووک پچڕانی تێکەوتووە، پارتی بارەگای سەرەکی پێشووی
لەکەرکووک رادەستی زانکۆی کەرکووک کرد بەڵام تائێستا زانکۆ سودی لێ نەبینیوە و لە
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک ناڕازین.