سەردێڕ:

زانیاری گرنگ لە بەغداوە لەسەر مووچەی مانگی چوار؛ کەی خەرجدەکرێت؟

PM:02:17:23/04/2025

4840 جار خوێندراوەتەوە

دوای دواخستی زیاتر لە ١٠ رۆژ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی نارد بۆ بەغدا و وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت، لیستەکە کێشەی تێدایە و وردبینی کردنیان راگرتووە.


ئەمرۆ چوارشەممە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٥، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، لە لیستی مووچەی مانگی چواری هەرێمدا کۆمەڵێک ناوی تێدایە کە پێویستبوو لە لیستی خانەنشینکراواندا بن و لەبەر ئەو هۆکارە وردبینیکردن لە لیستی مووچەکەدا راگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەو ناوانە لە لیستەکە دەربهێنرێن و بخرێنە لیستی خانەنشینکراوانەوە و دواتر وردبینیکردن لە لیستەکە دەستپێدەکەنەوە.

چاوگەکە دەشڵێت، کێشەی رادەستنەکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم هەیە بە بەغدا و بڕی رادەستکراو کەمترە لەوەی کە لە تەرازووی پێداچوونەوەدا هەیە، جیا لەوەش کێشەی ئەو مووچەخۆرانەی کە کارتی نیشتیمانی یان کێشەی کەمی داتاکانیان هەیە هێشتا چارەسەرنەکراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی کاربەڕێکەر زیاتر لە ١٠ رۆژ ناردنی لیستەکەی بە بیانووی ئامادەکردنەوە دواخست و لە کۆتاییشدا بە ناتەواوی رادەستی بەغدای کرد، لە کاتێکدا کە لیستەکە هەمان لیستی مووچەی مانگی پێشووە و تەنها کەمێک گۆڕانکاری تێدا کراوە.



گۆران عەبدوڵا - بەغدا













گەلەری