سەردێڕ:

تەندروستیی هەرێم چەند رێنماییەکی بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە

PM:12:34:23/04/2025

1368 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێوستە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت و جلوبەرگی خۆپارێزی وەک، دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن، لەگەڵ پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ دووربوون لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ ئەم رێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێن لەوانە، سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتی دەکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک، دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن و نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ کەلاش مەکەن و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بەباشی بشۆردرێ. پاشان لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان. لەگەڵ پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.













گەلەری