سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانی ژمارەی بریندارانی ناو یاریگای نەورۆزی بڵاوکردەوە

AM:11:07:23/04/2025

1520 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژیی و ئاڵۆزیانەی لەنێوان هاندەرانی یانەی وەرزشی نەورۆز و زاخۆ دروست بوو ،٦٢ هاوڵاتی برینداربوون كە ٢٥ برینداریان لەشوێنی رووداوەكە لەیاریگای نەورۆز و ٢٧ بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و لە ئێستادا تەنیا یەك بریندار لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو لەكاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لەیاریگای نەورۆز لەشاری سلێمانی، گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردولا دروست بوو و بەو هۆیەوە ٦٢ هاوڵاتی برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەلایەن تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا چارەسەری پێویست بۆ ٢٥ بریندار كرا لەشوێنی رووداوەكە لەیاریگای نەورۆز و ٢٧ بریندار بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و ١٠ برینداریش لەلایەن كەسوكاریان هێنران بۆ نەخۆشخانە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دوای ئەو رووداوە، لەسەر فەرمانی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشەكانی فریاكەوتن خرانە حاڵەتی ئامادەیی بۆ پیشوازیكردن لەبرینداران و چارەسەركردنیان، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەكان كرا و نەشتەرگەری بۆ بریندارێكیش ئەنجام درا.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم بریندارەكانی یاریگای نەورۆز گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە و تەنیا یەك بریندار نەبێت لەنەخۆشخانە ماوەتەوە كە نەشتەرگەری بۆ كراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.













گەلەری