ئەمڕۆ ١٢٧ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان لەلایەن میقداد مەتحەت بەدرخانەوە تێدەپەڕێت کە لە ساڵی ١٨٩٨ دەرکرا و لەو بارەیەشەوە بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان پەیامیان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ـی نیسانی ٢٠٢٥، لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا مەسعود بارزانی دەڵێت، راگەیاندن و رۆژنامەگەری چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی رەوای گەلی کورد. مەکتەبی سیاسی یەکێتیش وتی، "میللەتەكەمان شایانی ئازادی زیاترە و ئازادی و دیموكراسیش پایەی سەرەكی شانازیمانە بە ئەزموونەكەمان لەسەرتاسەری جیهاندا".
هاوکات، مەسرور
بارزانی، سەرۆكی حكومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی
کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.
نێچیرڤان
بارزانیش وتی، رۆژنامەنووسی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و رەخنەگر هاوبەشێکی سەرەکییە
لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر.
قوباد تاڵەبانی،
جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەریش ئاماژەی بەوەکرد، لەم یادەدا جەخت دەکەنەوە کە
ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ
ئازادی کاری رۆژنامەنووسی.
بەرەی گەل لە
ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی بڵاویکردەوە، یادی ١٢٧ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی بەرزدەنرخێنین،
بەداخەوە وەک رۆژی رووناک دەبینین ئەو بەرپرسانەی
کە هۆکار و رێگرن لەبەردەم ئازادی میدیاکاران و کارەکانیان ، لەم یادەدا دێن بەقسەی
تەقلیدی و سواو پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان، دەکەن.
یەکگرتووى ئیسلامىش
بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی وتی، "پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامهنووس و راگەیاندکاران
دەکەین کە لە پێناوی گەیاندنی دەنگی راستەقینەی گەلەکەمان خەبات دەکەن".