سەردێڕ:

بۆ هەشتەم جار؛ کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە بەرهەمهێنانی غازەوە بۆ هێرشی درۆنەکان

AM:09:01:27/04/2024

2352 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ هەینی کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارە بۆ هەشتەم جار کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیرا و دوو دەنگی بەهێز لەنێو کێڵگەکەدا بیسترا کە بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، بەهۆی هێرشەکانیشەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.


لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا کێڵگەی غازی کۆرمۆر هەشت جار لەرێگای درۆن و مووشەکەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام بۆ یەکەم جاربووە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە کە چوار کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیان لەدەستبدەن.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دوێنێ کرایە ئامانج؛

چاوگێک لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەسەرەتای هێرشەکەدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیراو بەهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگەکەدا لێدەدرێت.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سیانی دیکەش برینداربوون، لەبارەی هێرشەکەشەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستبەجێ داوای پێکهێنانی لیژنەی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.

دوابەدوای هێرشەکە، وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.



هێرشە درۆنییەکان لە دوو ساڵی رابردوودا؛

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٦ موشەک و درۆن ئاراستەی  کێڵگەی غازی کۆرمۆر کراوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات لە کارەبا کەمی کردووە لە هەر هێرشێکی مووشەکی و درۆنیدا. 

وردەکاری هێرشەکان بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر؛

رۆژی ٢٢ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ کاتژمێر ٤:٤٥ خوولەکی دوای نیوەڕۆ هێرشێک کرایە سەر کۆمپانیای دانەغاز لە سنوری چەمچەماڵ.

رۆژی ٢٣ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ بەلە دووکات و ساتی جیاوازدا هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و زیاتر لە شەش موشەک ئاڕاستەی کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز کران لە سنووری قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ.

رۆژی ٢٤ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ بۆ جاری سێیەم لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

رۆژی ٢٥ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ لە رێگای چەند موشەکێکەوە بۆ پینجەم جار لەماوەی ٤٨ کاتژمێری لەسەر یەک هێرش کرایەوە سەر گێڵکەی غازی کۆرمۆر.

رۆژی ٣٠ـی ٨ـی ٢٠٢٣: هاوەن و کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم.

رۆژی ٢٥ـی ١ـی ٢٠٢٤؛ بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ئاگر لە بەشێکی کێڵگەکە کەوتەوە.

رۆژی ٢٦ـی ٤ـی ٢٠٢٤؛ کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە رێگای چەند درۆنێکەوە بۆ هەشتەم جار بە ئامانج گیرایەوە.













گەلەری