سەردێڕ:

دانیشتووانی ناحیەی نەوجول: بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە ماڵەکانمان جێهێشتووە

AM:08:41:12/12/2023

1252 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی رێگاوبانەوە بەشێکی زۆری دانیشتووانی نەوجولی کفری ماڵەکانیان جێهێشتووە و قوفڵیان لە دەرگاکانیان داوە و دەڵێن، "بەرپرسان تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەون و دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن ون دەبن."


بەشێکی زۆری دانیشتووانی ناحیەی نەوجول بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری رێگاوبان و نەبوونی کارەبا ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.

لەو بارەیەوە وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی نەوجول رایگەیاند، نەبوونی خزمەتگوزاری وای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە بار بکەن بۆ ناو شارەکان و نەبوونی کارەبا و خراپی دۆخی رێگاوبانی ناوچەکە و تەنانەت خراپی خزمەتگوزاری تەندروستی ناوچەکە دانیشتووانی ناوچەکەی بێزار کردووە.

هاوڵاتییانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، ئەو کارەبایەی هەیانە تەنانەت گڵۆپێک یان بەفرگرێکیش کار پێناکات، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە هاتوچۆیان سەخت بووە و دەشڵێن، "ئەگەر نەخۆشێکمان هەبێت تاوەکو دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە لەوانەیە بەهۆی خراپی رێگاوبانەوە گیان لەدەستبدات."

ئەوەشیان خستە روو، بەرپرسان تەنها لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەنگداندا ناوچەکە بەسەردەکەنەوە و دەردەکەون و دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە ون دەبن و وەڵامی هیچ داواکارییەکیان نادەنەوە.

لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ ماڵ لە ناحیەی نەوجول نیشتەجیبوون، بەڵام ئێستا تەنها ١٠ ماڵ لەو ناحیەیە ماوەتەوە و زۆربەی دەرگای ماڵەکان داخراون و قوفڵیان لێ دراوە.













گەلەری