سەردێڕ:

لەبارەی پشکی حەجەوە عێراق داوایەکی ئاراستەی سعودیە کرد

PM:02:46:11/01/2023

5404 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق داوای لە سعودیە کرد، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەبەرچاو بگرێت لە دیاریکردنی پشکی عێراق لە ژمارەی حاجیانی ئەمساڵدا.


سامی مەسعودی سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە داوای لە تۆفیق ئەلرەبیعە وەزیری حەجی سعودیە کردووە، ئەو وڵاتە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەبەرچاو بگرێت کە ٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە لە دیاریکردنی پشکی عێراق لە ژمارەی حاجیاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە سعودیە پشکی پێویست لە ژمارەی حاجیان بۆ عێراق دابین بکات تاوەکو بەشی زۆری ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت فەرزەکە جێبەجێ بکەن بچنە سعودیە بۆ بەئەنجامگەیاندنی حەج.

ئەمەش لە کاتێکدایە، عێراق سنورە وشکانییەکانی لەگەڵ سعودیەدا بەرووی گەشتاراندا کردووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئاسانکاری ماددی بۆ عەمرەکاران و خواست لەسەر ئەنجامدانی ئەو گەشتە لە عێراقدا زیاتر بووە و بۆ وەرزی حەجیش سنورە وشکانییەکان بە کراوەیی دەمێننەوە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، تۆفیق ئەلرەبیعە وەزیری حەجی سعودیە رایگەیاند، بە بڕی ٢٠ ملیار ریالی سعودی کە دەکاتە ٥٣ ملیار و ٢٣٨ ملیۆن و ٩٩٢ هەزار دۆلار ئامادەکارییان بۆ هاتنی حاجیان کردووە و رێکارەکانی تەندروستی کۆرۆنایان بە هەموو جۆرێک هەڵگرتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە لە وڵاتانی دیکە دەتوانن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی حەج و عەمرە لە سعودیە گرێبەست ببەستن کە خۆیان دەیانەوێت لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا تەنها لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان دەیانتوانی گرێبەست بکەن.













گەلەری