PM:09:49:11/06/2022
4840 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، پاش ئەوەی داواکراوێک لە گوندی وێلەیەر بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەتەوە، لەو رووبەڕووبەنەوەیەدا گیانیلەدەستداوە.
ئەمرۆ شەممە، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاورکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، لە درێژەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی تاوانکاران و هەڵهاتوان لەیاسا، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لەسەر فەرمانی دادوەر لەگوندی "وێڵەیەر" نزیک لە شاری سلێمانی هەستان بەئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی هەڵهاتوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسە
لە لایەن دادگاوە بە مادەی ٤٠٥ و ٣١ لە
یاسای سزادان دواکراوە و پێشتر چەندین جار لەهەوڵی دەستگیرکردنیدا تەقەی
لەهێزەئەمنیەکان کردووە و هەڵهاتووە.
راگەیەنراوەکەی ئاسایشی
سلێمانی باسی لەوەشکردووە، داواکراوەکە لە کۆتا هەوڵی دەستگیرکردنیدا بەچەک رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەتەوە
و لەئەنجامی بەرپەرچدانەوەدا تۆمەتبارەکە کوژرا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بە
گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی
چوونەتە سەر کۆمپانیای نەوزاد بەمەبەستی دەستگیرکردنی کەسێکی داواکراو، بەڵام بەهۆکاری
ئەوەی کەسەکە خۆی نەداوە بەدەستەوە لەلایەن ئاسایشەوە تەقەی لێکراوە و بەسەختی برینداربوو و لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی
گیانیلەدەستدا.