کایزەر، باشترین یاریزانی تۆپی پێ کە هەرگیز یاری ئەنجام نەدا

PM:02:47:01/08/2025

6532 جار خوێندراوەتەوە

کارلۆس کایزەر، باشترین یاریزانی تۆپی پێ کە هەرگیز یاری تۆپی پێی ئەنجام نەدا.

چیرۆکی ئەم یاریزانە سەیر و سەمەرەیە، هەر ئەمەش وایکرد بکرێت بە فیلمێک و کتێبێک، کایزەر لە ساڵی 1963 لەدایکبووە و لە ئەکادیمیاکانیبۆتافۆگۆ وفلامینگۆ گەورە بووە، بە شێوەیەکی رووکەشی لە نێوان ساڵانی 1979 بۆ 1992، لە تیپە باڵاکانی، پویبلا، ڤاسکۆ دا گاما، ئەمریکا، فلومینێنسی، ئیندیپێندێنت، بانگو، ئێل پاسۆ سیشۆتێرز و گازێلێک ئەجاچیۆ یاریکردووە بەڵام لە راستیدا کایزەر کە ناوی راستەقینەی کارلۆس هێنریکی راپۆسۆیە یاری بۆ هیچ کامێک لەم یانانە ئەنجامنەداوە.

ئەم بەناو یاریزانە، نازناوی کایزەری پێبەخشراوە بەهۆی ئەوەی شێوازی جەستەی لە فرانز بێکنباوەری ئەڵمانی چووە، لە ماوەی 13 ساڵدا بە فێڵ و درۆ وەک یاریزانێکی پیشەگەر رەفتاری کردووە.

کایزەری فێڵباز، بەوە ناسراوبوو کە لاشەیەکی پتەوی هەیە، هەر لەبەر ئەوەش لە راهێنانە لاشەییەکانی پێش وەرزدا دەدرەوشایەوە بەڵام کاتێک ساتی راهێنانی بە کۆمەڵ دەگەیشت بۆ پۆشینی هەڵە تەکنیکییەکانی خۆی دەکرد بە پێکان و بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆژی پێویستیش لەو سەردەمەدا فێلەکانی سەری دەگرت.

کارلۆس خاوەنی کەسایەتییەکی بەرزیش بووە، بێبێتۆی ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل سەبارەت بە ئەو دەڵێت: توانا بێ وێنەکەی لە قسەکردن ئەم بەناو یاریزانەی لە ئاشکرابوونی فێڵەکانی رزگارکردووە.

ئەم بەناو یاریزانە زۆرکات یانەکانی بەوە فریوداوە کە بۆندی لە دەرەوە بۆ دێت و بە زمانی ئینگلیزی قسەیکردووە، بەڵام رۆژیک پزیشکێکی دانی ئینگلیز لە یانەی بۆتافۆگۆ فێڵ و درۆکانی ئاشکراکرد.

کایزەر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رۆژنامەنووسان هەبووە بە جۆرێک زۆرکات هەواڵی درۆیان لەسەر بڵاوکردووەتەوە و بە یاریزانێکی زۆر باش و پاڵەوان ناوزەندیان کردووە، بەڵام ئەوەی راستییە لە ماوەی 13 ساڵدا هیچ یارییەکی ئەنجامنەدا.

بەهۆی سەرنجڕاکێشی چیرۆکی ئەم بەناو یاریزانە، ساڵی 2018 فیلمێک لەسەر ژیانی بە ناوی: کایزەر: باشترین یاریزان کە هیچ یارییەکی ئەنجامنەدا، بڵاوکرایەوە، کتێبێکیش بەهەمان ناو بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە ژیانی یاریزانەکە