پیاوێک وەک دایکی کۆچکردووی خۆی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینییەکەی وەربگرێت

AM:11:31:26/11/2025

25752 جار خوێندراوەتەوە

حاڵەتێکی سەیر و سەمەرەی ئیتاڵیا جیهانی تووشی شۆک کرد، پیاوێکی تەمەن ٥٧ ساڵ بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ مردنی دایکی بە نهێنی هێشتەوە تا بتوانێت بەردەوام بێت لە وەرگرتنی موچەکەی.

وتەبێژی بنکەی پۆلیسی مانتوا بە سی ئێن ئێنی راگەیاند کە پیاوێکی تەمەن ٥٧ ساڵ بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ مردنی دایکی بە نهێنی هێشتەوە تا بتوانێت بەردەوام بێت لە وەرگرتنی موچەی دایکی، لەبری ئەوەی هەواڵی کۆچی دوایی دایکی بڵاوبکاتەوە، تەرمەکەی لە ماڵەکەیان دەشارێتەوە.

ئەو کەسە کە ناوی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بڵاونەکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە شارۆچکەی بۆرگۆ ڤێرجیلیۆ کە نزیکە لە شاری مانتوا کۆچی دوایی کردووە، پۆلیس دەڵێت کوڕەکەی پێشتر پەرستار بووە و لە ئێستادا بێکارە، هەواڵی مردنی دایکی بە کەس نەگەیاندووە.

وتەبێژەکە باسی لەوە کرد کاتێک ناسنامەی ژنە بەساڵاچووەکە بەسەرچووە، کوڕەکەی بۆ ئەوەی ساختەکارییەکە بەردەوام بێت، بە جل و بەرگی ئەوەوە گەیشتووەتە نووسینگەی تۆماری ناوچەکە و ماکیاژ و قژی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆی وەک دایکی نیشان بدات و کارتەکەی نوێ بکاتەوە.

بەڵام ئەو بریکارەی کە داواکارییەکەی جێبەجێ کردووە گومانی لێکردووە و تێبینی ئەوەی کردووە دەست و مل و دەنگی لە ژنێکی بەساڵاچوو ناچێت، راستەوخۆ دەسەڵاتدارانی ئاگادار کردووەتەوە و بە خێرایی ڕاستییەکانیان ئاشکرا کردووە.

گرتە ڤیدیۆییەکانی چاودێری شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان دەریدەخەن کە پیاوەکە بە جل و بەرگی دایکیەوە بەرەو ئۆفیسەکە ڕۆیشتووە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی شۆفێری نەبووە.

دواتر پۆلیس تەرمی دایکەکەی لە ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە و دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە، پیاوەکەیان تۆمەتبار کردووە بە ساختەکاری، دزینی ناسنامە و شاردنەوەی تەرمی کەسێک.