سەردێڕ:

مریشک و فیوراڵتادۆن! گۆشت و ژەهر و میدیا!

PM:05:13:26/02/2026
340 جار خوێندراوەتەوە
ئاوات عەلی
+ -

بێ سەرەتا و ئەملاولا، لەم نوسینەدا زۆر بە کورتی و بە پشتبەستن بەبڵاوکراوەی زانستی، چەند زانیارییەکتان لەسەر مادەی فیوراڵتادۆن و چیرۆکی ئەو مادەیە و بەکارهێنانی لەکێڵگە پەرلەوەرییەکان و ئاژەڵداریی و ئەگەری زیانەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بۆ ڕووندەکەینەوە!

فیوراڵتادۆن چییە و بۆ چی بەکاردێت؟

فیوراڵتادۆن یەکێکە دەرمانەکانی گروپی نیترۆفیورانەکان، (Nitrofurans) وەک (Furazolidone, Nitrofurantion) (Furacilin, Difurazone)، ئەم دەرمانانە دژە بەکترییایەکی زۆر بەهێزن و کاریگەرییان لەسەر گروپێکی گەورەی بەکتریا هەیە کە نەخۆشی جیاواز توشی مرۆڤ و ئاژەڵ دەکەن.

سەرەتای ناساندنی فیوراڵتادۆن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٨، لە ساڵی ١٩٥٩ لەژێر ناوی بازرگانی (ئەلتافور) لە دەرمانخانەکانی ئەمریکا بەردەستبوو، ئەوکات ئەم مادەیە وەک دەرمان بەکاردەهێنرا بۆ چارەسەری ئیلتیهاباتی بۆرییەکانی میز و چەند نەخۆشییەکی بەکتریایی تر لە مرۆڤدا.

 

توێژینەوەکان لەسەر ئەم دەرمانە هەر لەسەرەتای کەوتنە بازاڕییەوە دەستیپێکرد، هەندێک جار کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە لەسەر نەخۆشەکان دەردەکەوتن، کاریگەری کاتی وەک ڕشانەوەو سکچون و لەرز وتاو سوربونەوەو پەڵەی سەر پێست و لێڵبونی بینین بەهۆی شەلەلی ماسولکەکانی چاو، بەڵام کاریگەری درێژخایەن و زیانبەخش لەسەر کۆئەندامی دەماری نەخۆشەکان بوو، سەرەڕای چاکبونەوەیان لەو نەخۆشییەی دەرمانەکەی بۆ بەکارهێنرابوو.

یەکەم پەیپەری زانستی لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی ئەم دەرمانە، لە ڕۆژى ١٠ی نۆڤەمبەری ١٩٦٠، لە گۆڤاری زانستی (The New England Journal of Medicine) بڵاوکراوەتەوەو ئاماژە بە کەیسی نەخۆشێک دەکات کە ٢١ ملیگرام لە فیوراڵتادۆنی بۆ بەکارهێنراوەو توشی کاریگەریی لاوەکی بووە، وەک سکچون و سوربونەوەی پێست و تێکچونی بینین بەهۆی وەستاندی ماسولەکەکانی دەوری چاو. بۆیە گۆڤارەکە پێشنیازی لێکۆڵینەوەی زیاتری کردووە لەسەر ئەو دەرمانە.

پاش چەندین لێکۆڵینەوەی تاقیگەیی و دەرکەوتنی کاریگەرییە خراپەکانی ئەم دەرمانە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی   (FDA)لەساڵی ١٩٨٥ دا مۆڵەتی بەکارهێنانی دەرمانی فیوراڵتادۆن و بەشێک لە نیترۆفیورانە هاوشێوەکانی بۆ مرۆڤ کشاندەوە، بەڵام ڕێگەی دا بۆ بەکارهێنانی سەر پێست بەشێکیان بەکاربهێنرێت، بەڵام دواتر لەساڵی ٢٠٠٢ ئەو بەکارهێنانە دەرەکییەشی بەتەواوەتی قەدەغەکرد. بەڵام تا ئێستاش ڕێگە بەم دەرمانانە دراوە بۆ بەکارهێنانی سەر پێستی سەگ و پشیلە و ئەسپ، واتە بۆ ئەو ئاژەڵانەی نابنە خۆراکی مرۆڤ.

لە ساڵی ١٩٩٣ لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوای ساڵانێکی زۆر لە بەکارهێنانی، مادەکانی نیترۆفیورانی لە پیشەسازییەکانی خۆراک و کێڵگەی ئاژەڵان قەدەغەکرد.

بۆ فیوراڵتادۆن و هاوشێوەکانی قەدەغەکران؟

فیوراڵتادۆن و بەشێک لە نیترۆفیورانەکان وەک مادەیی کیمیایی شێرپەنجەیی و میوتاجینین (دەبێتە هۆی تێکدان و گۆڕینی دی ئێن ئەی مرۆڤ) ناسراون، کاتێک لەکێڵگەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک وەک (کێڵگەی پەرلەوەر، ماسی، مەڕوماڵات) بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەر، دواتر بەشێکی لە خانەکانی ئاژەڵەکەدا دەمێنێتەوەو دەگوازرێتەوە بۆ لەشی ئەو مرۆڤەی گۆشتی ئاژەڵەکە دەخوات و لە لەشی مرۆڤەکەدا کەڵەکە دەبێت.

پێشتر لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکانی ئەم دەرمانانە بۆ سەر ئاژەڵان، دەرکەوتووە کە نیترۆفیورانەکان دەبنە هۆکاری دروستبونی گرێی شێرپەنجەیی لە مەمکی جرج و هێلکەدانی مشکدا، بۆیە ئەمەش وەک بنەمایەک بۆ ناساندنیفیوراڵتادۆن وەک مادەیەکی شێرپەنجەیی دانراوە لە مرۆڤدا.

بۆیە لە ئێستادا بێجگە لەوەی بۆ مرۆڤ قەدەغەکراوەو بەکارناهێنرێت، هیچ دەرمانێکیش لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکییەوە پەسەند ناکرێت بۆ بەکارهێنانی ڤێتەرنەریی لە کێڵگە ئاژەڵیی و پەرلەوەرییەکانی بەرهەمێهنانی گۆشت، ئەگەر یەکێک لە نیترۆفیورانەکانی تیادا بەکارهێنرابێت.

ئایا فیوراڵتادۆن بکوژە؟

 

بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی لەساڵی ١٩٦٤ لەسەر فیوراڵتادۆن کراوەو زانیارییەکانی پەسەندکراون و لە گۆڤارە زانستییەکان بڵاوکراونەتەوە، (LD50) ی فیوراڵتادۆن لەنێوان(0.4 - 1) (g/kg)..

تاقیکردنەوەی (LD50) لەسەر ئاژەڵان بۆ مادە کیمیاوییە ژەهراوییەکان ئەنجامدەدرێت، بۆ زانینی ئەو بڕەی دەبێتە هۆی کوشتی نیوەی ئەو گیاندارانەی کە بڕێکی دیاریکراو لە دەرمانەکە بەکاردەهێنن، لە ساڵی ١٩٦٤ (LD50)بۆ فیوراڵتادۆن لە سێ تاقیکردنەوەی جیاوازدا لەسەر مشک کراوە و ڕێژەکەی دۆزراوەتەوە، بەپێی ئەنجامەکە بوونی نزیکەی ١ گرام بۆ هەر کیلیۆگرامێک لە کێشی ئاژەڵەکە دەبێتە هۆی کوشتنی.


گەر ئەمە بۆ مرۆڤ ئەژمار بکەین واتە گەر ١٠٠ مرۆڤ و بەتێکڕای کێشیان ٧٠ کیلۆ گرامبێت، هەر یەکێکیان بڕی ٧٠ گرام لە فیوراڵتادۆن بەکاربهێنن ئەوا بە دڵنیاییەوە لانی کەم ٣٥ مرۆڤیان گیانلەدەستدەدەن بەهۆی ئەو مادەیەوە.

دوا قسە!

یەکێک لەهۆکارەکانی مەترسی سەر تەندروستی گشتی تەنها بەکارهێنانی فیوراڵتادۆن نییە لە لایەن چەند کێڵگەیەکی پەلەوەرییەوە! مەترسییە گەورەکە ئەوەیە لەبری دامەزراوەی حکومی و دامەزراوەی زانستی و زانکۆکان، میدیا و خاوەن کیڵگە پەرلەوەرییەکان و مریشک فرۆشەکان لەسەربون و نەبونی مادەی شێرپەنجەییبڕیار بدەن و ئامۆژگاری هاوڵاتیان بکەن. (سەرەڕای دەستخۆشیم بۆ میدیاکاران بۆ وروژاندنی بابەتەکە لە غیابی دامەزراوەی حکومیدا، مەبەست لە کەمکردنەوەی کاری ئەوان نییە).

لاوازی دامەزراوە زانستییەکان و نەبونی ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ شیکاری چەند سامپڵێکی مریشک بۆ ئەوەی بپشکنرێت کە ئایا فیوراڵتادۆن لە لەشی مریشکەکاندا هەیە و مەترسییە ئەگەر مرۆڤ بیخوات؟ ناچار میدیاکار بە مایکێکە لە مریشک فرۆشەکە دەپرسێت کە ئایا مریشکەکەی سەلامەتە بۆ خواردن ئەویش مریشکەکەی دەخاتە بەر کامێراکە و زۆر بەدڵنیاییەوە دەڵێت سەیریکە چەند خرپن و جوانە گەر مادەی شێرپەنجەیی تیادابێت شکڵ و روخساری ئاوا دەبێت؟

ئەو لاوازییە دامەزراوەییەی لەهەرێمی کوردستان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆراک و کەرەستەی ناوخۆ و هاوردەکراو، پەیوەندی بەبون و نەبونی بودجەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە نەبونی ستراتیژیی زانستی و پیشەیبونی کارکردنی کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە هەیە.

گەر حکومەتی هەرێم دامەزراوەیەکی زانستی و پیشەیی کوالێتی کۆنترۆڵی بەهێزی هەبێت، هاوڵاتی ناچار نابێت چاوەڕێی میدیاکان بکات ناکۆکی لەسەر خواردن و نەخواردنی مریشک بۆ یەکلابکەنەوە، بەڵکو چاوەڕیی حکومەت و دامەزراوە زانستییەکان دەکات بڕیار بدەن و ئەویش باوەڕیان پێبکات!

گەر بە ڕاستی بیر لەمەترسییەکان بکەینەوە، نەک مریشک بەڵکو دەبێت گومان لە هەموو خۆراک و کەرەستەیەک بکەین (میوە، گۆشت، جلوبەرگ، بۆن، ماکیاج، قاپ و کەرەستەی ناوماڵ، پاکەرەوەکان..هتد) چونکە دەیان و سەدان مادەی شێرپەنجەیی جۆراوجۆر لەم کەرەستانەدا بەکاردەهێنرێن، نەبونی دامەزراوەی زانستی و کوالێتی کۆنتڕۆڵێکی بەهێز وایکردووە سنورەکانمان واڵا بکەین بۆ هەر شتێک و هەر چۆنێک دروستکرابێت و بەرهەمهێنرابێت! دەبێت راستییەک بزانین پشکنین بۆ مادەیەکی دیاریکراو بەتایبەت مادە شێرپەنجەییەکان بە بۆن و تام و ڕەنگ ناکرێت! بەڵکو دەیان پەیپەری زانستی لەسەر بڵاوکراوەتەوە تا باشترین ڕێگەی زانستی بۆ دۆزراوەتەوە بۆ دیاریکردن و شیکارکردنی.

بەهیواین هەموو لایەک سەلامەت بن!

ئاوات عەلی

خوێندکاری دکتۆرا لە زانستی کیمیا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم

گەلەری