سەردێڕ:

​سێکوچکەی مانەوە مێژوو، دۆکیۆمێنتسازی و
پەروەردە لە رووبەڕووبوونەوەی جینۆسایدا

PM:10:02:18/02/2026
1628 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان حسێن دەروێش
+ -

مێژووی مرۆڤایەتی، هاوتای مێژووی شارستانییەت، شاهیدی ململانێیەکی بەردەوامی نێوان ئیرادەی ژیان و ماشێنەکانی مەرگ بووە، لە سەدەی بیستەمدا کە بە سەدەی جینۆسایدەکان دەناسرێت گەلی کورد بووە یەکێک لەو نەتەوانەی کە بە پلانێکی سیستماتیک هەوڵی سڕینەوەی فیزیکی و کلتوری درا.

سێکوچکەی (مێژوو، دۆکیۆمێنتسازی، و پەروەردە) وەک ستراتیژییەکی نیشتمانی باس لەوە دەکات کە چۆن تێکەڵکردنی مێژووی جینۆساید لە پرۆگرامەکانی خوێندندا، نەک تەنها یادەوەریی بەکۆمەڵ دەپارێزێت، بەڵکو دەبێتە هۆی بونیادنانی ناسنامەیەکی هۆشیار و ڕێگریگرتن لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی.

کۆمەڵێک پێشنیاری کردەیی پێشکەش بە دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکەین بۆ گۆڕینی ترۆمای کارەساتەکان بۆ مەعریفەیەکی یاسایی و مرۆیی کە خزمەت بە پرسی دادپەروەری.

​چوارچێوەی گشتی:

​دیاردەی جینۆساید (Genocide) تەنها وەک تاوانێکی فیزیکی یان کۆمەڵکوژییەکی سادە نایەتە ئەژمار، بەڵکو پرۆسەیەکی داڕێژراوی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە و هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی ژیانی گروپێکی نەتەوەیی یان ئایینییە.

​بۆ گەلی کورد، کە بە درێژایی سەدەی بیستەم ڕووبەڕووی زنجیرەیەک تاوانی مەرگهێنەری وەک (پرۆسەی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، و تاوانەکانی جینۆسایدی ئێزدییەکانی شەنگال و جینۆسایدلەڕۆژئاوا) بووەتەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ دەرەنجامە مێژوویی و یاساییەکانی ئەم تاوانە، پێویستی بە تێپەڕاندنی قۆناغی (گریان بۆ قوربانی) و چوونە ناو قۆناغی (بونیادنانی مەعریفە)هەیە.

​لەم چوارچێوەیەدا، پەروەردەو دۆکیۆمێنتسازی، تەنها ئامرازی زانستی نین بەڵکو دەبنە سەنگەری یەکەمی بەرگری بۆ پاراستنی حەقیقەت لە هەڕەشەی نکۆڵیکردن و شێواندن.

هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی سێکوچکەی (مێژوو، بەڵگەسازی، و سیستمی پەروەردە) نەخشەڕێگایەک بۆ ستراتیژییەکی نیشتمانی دابڕێژێت، بە ئامانجی گۆڕینی (ترۆمای جینۆساید) بۆ هۆشیارییەکی سیاسی و یاسایی کە نەک تەنها یادەوەریی بەکۆمەڵ بپارێزێت، بەڵکو نەوەی نوێ وەک شایەتحاڵ و پارێزەری مافە نەتەوەییەکان پێبگەیەنێت.

ئامانجە ستراتیژییەکانی تێکەڵکردنی جینۆساید لە پرۆگرامەکانی خوێندندا:

​پەروەردەکردنی نەوەیەک کە مێژووی جینۆسایدی نەتەوەکەی دەناسێت، لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە کاریگەری دروست دەکات:

​پاراستنی یادەوەریی بەکۆمەڵ(Collective Memory): مێژووی جینۆساید هەمیشە لەژێر هەڕەشەی شێواندندایە لەلایەن بکوژەکانەوە، پەروەردە ڕێگری دەکات لەوەی تاوانەکان بە تێپەڕبوونی کات کاڵ ببنەوە و حەقیقەتەکان ون ببن.

​بونیادنانی ناسنامەی نەتەوەیی: تێگەیاندنی فێرخواز لەوەی کە (بۆچی) و (چۆن) نەتەوەکەی کراوەتە ئامانج، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەستی نەتەوایەتی و هۆشیاری بەرامبەر بەو مەترسییانەی هەڕەشە لە بوونی نەتەوەیی و خاکی کوردستان دەکەن.

​ڕێگری:

جینۆساید پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاوە کە لە ووشەوجیاکارییەوە دەست پێدەکات، بەواتای ئەوەی بناغەی هەر جینۆسایدێک بە (کۆدکردنی ڕق) لە ناو زمان و داڕشتنی (ستراتیژیی جیاکاری) دادەڕێژرێت، ئەم پرۆسەیە لە ناوزڕاندن و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کۆمەڵکوژیی فیزیکی. ناسینەوەی ئەم نیشانانە لە ناو پرۆگرامی پەروەردەدا، دەبێتە یەکەمین هێڵی بەرگری بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە هەر هەڕەشەیەکی سڕینەوە. خوێندنەوەی ئەم قۆناغانە وا دەکات تاکی کورد لە داهاتوودا بتوانێت نیشانە سەرەتاییەکانی هەر مەترسییەک بناسێتەوە.
شیکاریی چۆنیەتی داڕشتنی پرۆگرامەکە (میکانیزمی زانستی و دەروونی):

​پێویستە باسکرنی جینۆساید لە ناو قوتابخانەکاندا بەپێی قۆناغە تەمەنییەکان بێت تا کاریگەریی دەروونی خراپ جێنەهێڵێت:

​قۆناغی بنەڕەتی (سەرەتایی): جەختکردنەوە لەسەر چەمکی (مافی ژیان) و (ژیاندۆستی) لێرەدا چیرۆکە مرۆییەکانی ڕزگاربووان بە شێوازێکی سادە دەگێڕدرێنەوە کە تێیدا ئیرادەی مانەوە جێگەی دیمەنە ترسناکەکان دەگرێتەوە.

​دواقۆناغەکانی بنەڕەتی: ناساندنی ڕووداوە مێژووییەکان بە شێوەیەکی تێگەیشتنی لۆژیکی و گێڕانەوەی مێژوویی بەپێی کاتەکان   (Chronology)لێرەدا فێرخواز فێری بەکارهێنانی بەڵگەنامە و وێنە فەرمییەکان دەبێت بۆ سەلماندنی تاوانەکان.

​قۆناغی ئامادەیی و زانکۆ: شیکردنەوەی جینۆساید لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی، ڕێککەوتننامەی ١٩٤٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان، و بەرپرسیارێتیی جیهانی، لەم قۆناغەدا دەبێت فێرخواز فێری ڕەخنەگرتن و بەڵگەسازیی یاسایی ببێت.

ژینگەی پەروەردەیی و ئەرکی مامۆستا وەک شایەتحاڵ:

​تەنها کتێب بەس نییە، پەروەردەی جینۆساید پێویستی بە پراکتیک هەیە:

​مۆزەخانەناسی:

گۆڕینی سەردانی مۆزەخانەکانی جینۆساید بۆ گەشتی زانستیی ساڵانە کە تێیدا فێرخواز توێژینەوەی کورت لەسەر کەلوپەلی قوربانییەکان ئامادە دەکات.

​دیداری ڕاستەوخۆ:

هیچ دەقێکی نووسراو جێگەی شایەتحاڵێکی زیندوو ناگرێتەوە، بانگهێشتکردنی ڕزگاربووانی جینۆساید بۆ ناو پۆلەکان، هەستێکی قووڵی هاوسۆزی دروست دەکات.

​پێشنیارنامە بۆ وەزارەتی پەروەردە و بەڕێز وەزیری پەروەردە:

​بۆ گۆڕینی یادی جینۆساید لە بۆنەیەکی ساڵانەی کاتییەوە بۆ پڕۆژەیەکی پەروەردەیی ستراتیژی

​هەفتەی حەقیقەت و ناسنامە: دیاریکردنی هەفتەیەکی تایبەت لە ساڵنامەی خوێندندا بۆ چالاکیی هونەری و مێژوویی.

​گۆشەی یادەوەری (Memory Corner): تەرخانکردنی شوێنێکی تایبەت لە هەر قوتابخانەیەکدا بۆ نمایشکردنی وێنە و ناوی شەهیدانی ناوچەکە.

​پڕۆژەی دیجیتاڵسازی و دروستکردنی (ئەرشیفی نیشتمانی): هاندانی فێرخوازان بۆ ئەرشیفکردنی ئەو بەڵگە و چیرۆکانەی لە دەستی خێزانەکاندان، بە ئامانجی بونیادنانی بنکەیەکی زانیاریی نیشتمانیی مەزن کە وەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لە ئاییندەدا ڕووبەڕووی هەر هەوڵێکی نکۆڵیکردن ببێتەوە.

​بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا: نمایشکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاری و بەکارهێنانی نەخشەی سێ ڕەهەندی بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ئەنجامدانی پرۆسەکانی جینۆساید.

​پەروەردەی دژە-ڕق: تێکەڵکردنی وانەی (مافی مرۆڤ) بۆ ڕێگری لە (زمانی ڕق).

بەرەو داهاتوویەکی پارێزراو: پەروەردە وەک گەرەنتیی مانەوە، ​پرۆگرامی پەروەردە دەبێت ببێتە کارگەی دروستکردنی (پارێزەرانی حەقیقەت) ئەگەر فێرخوازانی ئێمە فێری بنەماکانی مافی مرۆڤ و مێژووی جینۆسایدی خۆیان نەبن، مەترسیی (نکۆڵیکردن) هەمیشە دەمێنێتەوە.
بە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە نەوەیەک پێدەگەیەنین کە شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە دەکات و لەبری (تۆڵەکردنەوەی کوێرانە) داوای (دادپەروەریی نێودەوڵەتی) دەکات، جینۆساید تەنها مەرگ نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی ئیرادەی نەتەوەیە بۆ مانەوە، بێگومان پەروەردەش قەڵای پاراستنی ئەو ئیرادەیەیە، لەبەرئەوەیە ئەرکی سیستەمی پەروەردەیی ئێمە تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو بونیادنانی (ویژدانێکی مێژوویی) یە کە تێیدا فێرخواز تێبگات پاراستنی ڕاستییەکان کەمتر نییە لە پاراستنی خاک.

گەلەری