سەردێڕ:

گرێبەستی کێڵگە غازییەکانی هەرێم و بەڵایەکی تر!

PM:02:44:20/05/2025
2256 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+ -

ئەو گرێبەستە ١١٠ملیارییە غازییەی لەنێوان مەسروربارزانی و دوو کۆمپانیای ئەمریکی بەبێ ئاگاداری و راوێژی بەغداد لەئەمریکا رۆژی دوو شەممە ١٩ـی ئایاری ٢٠٢٥، واژۆ کرا، ئەبێت دیسان چی بەڵایەکیی خراپتری لەهەناردەی نەوت و ئابووری سەربەخۆدا بۆسەر ژیان و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێ بێت؟ بۆ ئێمەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوونە، بڕینی بەشە بوودجەو مووچە لەبەغدادەوە لەئەنجامی ئابوری سەربەخۆ و هەناردەی نەوت لەساڵانی ٢٠١٢ و دواتر چی زیانێکی بەژێرخان و سەرخانی هەرێمەکەدا هێنا هەتا گەیشت بەقۆناغی نەمانی مووچە لەکاتی یاسایی خۆیدا، ئەمە جگە لە کارەساتی قەرزی زیاتر لە سی ملیار دولاری و نەمان و وەستانی سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، کە لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت و ئابووری سەربەخۆیەک کە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتیی خۆیان و وڵاتانی تری نەیار بەعێراق و دۆزی ڕەوای کورد دەستیان بۆبرد، ئەو هەنگاوەی پێشوویان نەک بژێوی و ژیانی خەڵکەکەکەیان باشتر نەکرد بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ بەرەو دۆخێکی ناسەقامگیری ئابووری و تێکچونی باری کۆمەڵایەتی زیاتر برد.

هەر ئەو کاتیی مسعود بارزانی سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کورستان و باوکی سەرۆکی حکومەت لە کۆنگرەی یەکێتیی لاوان و قوتابیانی حیزبەکەیدا لەچەند رۆژی رابردوو، پەنجەی هەڕەشەی لەبەغدا وەک سەردەمی ریفراندۆمەکە بەرزکرەوە و وتی چیتر قبوڵی ناکەین، مووچەی مووچەخۆران وەک مانگەکانی پێشوو، بنێردرێت و دەستی دەستیمان پێبکرێت، جۆرێک لەترس و گومانی لەلای کەسانی چاودێر و بەئاگا دروستکرد، کە هەست بەشکستی رابردووی ئەوانە دەکەن لەهەر هەنگاوێک کەنابێتیان لەژیانی سیاسی و حوکمڕانیاندا، چ کارەساتێکی مرۆیی و تێکچونی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریان کردووە بەبەشی خەڵکی هەرێمی کورستان.

بۆیە دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین، ئەو هەڕەشەی چەند ڕۆژی رابردووی بارزانی باوک، کەلەبەغدای کرد، گرێدراوی ئەم گرێبەستەی کوڕەکەی بکەین، کەپێیان وایە، جۆرێک لەبێ منەتییان پێدەبەخشێت لەبەرامبەر بەغدا، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەم دەسەڵاتە سی وسێ ساڵەی ماڵی بارزانی کە ماڵی تاڵەبانیش تێیدا شەریکن، هەر هەڕەشەیەکیان لەناوەند کردبێت، شتێکیان لەمێشکدا بووە، یان خزێنراوەتە مێشکەوە و دواجار بۆتە بەڵڵا بۆسەر ژیان وقوتی خەڵکی کوردستان و بەملیاردێکردنی خۆیان و بنەماڵەکانیان.

ئەوەی دەمێنێتەوە،بڵێین ئەوەیە،ئایە دەکرێت، دیسانەوە خەڵکی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر ئەم هەنگاوە یەک لەدوای یەکانەی سەرانی پارتیی و یەکێتیی لەتاڵانی و بەهەدەردانەی سامانی نیشتمانەکەیان نەبێت و چاوەڕێکەین بزانین چیتر لەوە خرابترمان بەسەر دێنن!


گەلەری