سەردێڕ:

عێراق ئاماری بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتی مانگی تەمموزی راگەیاند

PM:08:59:01/08/2021

2876 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، مانگی تەمموز زیاتر لە ٩٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار فرۆشراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ لەمانگی تەمموزدا بڕی ٩٠ ملیۆن و ٤٦٧ هەزار و ٧٩٤ بەرمیل نەوت فرۆشراوە و هەناردەی دەرەوە کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، داهاتی نەوتە فرۆشراوەکە بریتییە لە شەش ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٧٩٤ هەزار دۆلار.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، بڕی نەوتی فرۆشفراوی کێڵگەکانی کەرکوک سێ ملیۆن و ١٢ هەزار و ٤٣٥ بەرمیل بووە. دەشڵێت، بڕی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ٨٧ ملیۆن و ٤٥٥ هەزار و ٣٥٩ بەرمیل بووە.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژانە دوو ملیۆن و ٩١٨ هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە و هەناردەی دەرەوە کراوە و هەر بەرمیلێک بە ٧٢ دۆلار و یەک سەنت فرۆشراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە ٧٦ دۆلار و حەوت سەنت بەرزبووەوە.

بەپێی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.













گەلەری