سەردێڕ:

کەی دانیشتنی دووەمی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت؟

PM:11:58:25/01/2022

4952 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵک باسی لەوەکرد، دووەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی دانیشتنی یەکەم لە هەمان رۆژدا ئەنجامدرا و تێیدا محەمەد حەلبوسەی وەک سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵا وەک جێگرانی یەکەم و دووەم هەڵبژێردران.


نیسان ساڵحی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی لە پێناو خەڵک لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، پێویستە دانیشتنی دووەمی پەرلەمان لەماوەیەکی کورتدا بەڕێوە بچێت، وتیشی، وەک پێشبینی دەکرێت، پێدەچێت ئەندامان بانگهێشت بکرین بۆ دانیشتن لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوودا.

لەلایەکی دیکەوە، عەلی تەمیمی شارەزایی یاسایی عێراقی رێکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی عێراقی خستەڕوو و رایگەیاند، بەگوێرەی دەستوری عێراق دانیشتنی دووەمی پەرلەمان لەماوەی ٣٠ رۆژ دوای دانیشتنی یەکەم بەڕێوە دەچێت، باسی لەوەشکرد، "لەبەر ئەو هۆکارە پێویستە لە درەنگترین کاتدا رۆژی هەشتی مانگی شوبات دانیشتنی دووەم ئەنجام بدرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دانیشتنی دووەمدا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وڵات ئەنجامدەدرێت دوای ئەوەی تەواوی کاندیدەکان دەناسێندرێن و لەرێگەی دەست بەرزکردنەوەوە هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت نەوەک هەڵبژاردنی نهێنی و پێویستە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار ٢/٣ی دەنگی ئەندامانی پەرەلەمان بەدەست بهێنێت.

عەلی تەمیمی باسی لەوەشکرد، ئەگەر هاتوو لە دانیشتنەکەدا هیچ کەسێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت ئەوا جارێکی دیکە دەنگدان دەکرێتەوە لە هەمان رۆژدا و ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە دەچنە کێبڕکێوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ٥٠+١ی ئەندامان و بەو جۆرە سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی دەستوری عێراق، کەمتر لە ٢٠ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت.













گەلەری