سەردێڕ:

عێراق و فەڕەنسا سێ رێککەوتنی ستراتیژییان واژۆ کرد

PM:04:56:14/09/2026

428 جار خوێندراوەتەوە

لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ، هەردوو وڵات سێ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی وزە، گواستنەوەی ئاسمانی و رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان واژۆ کرد.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، عێراق و فەڕەنسا سێ رێککەوتنی ستراتیژییان لە کۆشکی ئەلیزێ واژۆ کرد، کە کەرتی وزە لە رێگەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ بۆ دابینکردن و فرۆشتنی گاز دەگرێتەوە، هەروەها بواری فرۆکەوانی لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی فەڕەنسی، لەگەڵ واژۆ کردنی رێککەوتننامەیەک لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بە ئامانجی پاڵپشتیکردن و رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ گەنجان.

لە بەشی یەکەمی رێککەوتنەکاندا، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی رێککەوتنێکیان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی توانا دەستییەکان و رەخساندنی هەلی نوێ بۆ گەنجان ئیمزا کرد.

لە کەرتی وزەشدا، وەزیری کارەبای عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ"ـی فەڕەنسی واژۆ کرد، کە تایبەتە بە گرێبەستکردن بۆ دابینکردن و فرۆشتنی گاز، ئەمەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق.

لە کۆتاییشدا، لە کەرتی گواستنەوەدا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی فەڕەنسی پەڕەی "دەربڕینی نیەت"ـیان واژۆ کرد بە مەبەستی گەشەپێدانی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانیی شارستانی و هاوکاریی تەکنیکی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.













گەلەری