سەردێڕ:

بە بەشداریی ئێران؛ وڵاتانی کەنداو بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت لە گەرووی هورمز کۆدەبنەوە

PM:05:46:11/09/2026

2564 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای دەکات، دووشەممەی داهاتوو لە وڵاتی عومان کۆبوونەوەی وڵاتانی کەناراوی کەنداو و دەریای عومان بە بەشداریی ئێران و عێراق بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی تاوتوێکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا.


ئەمڕۆ هەینی ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەی وڵاتانی کەناراوی کەنداو و دەریای عومان بە ئامادەبوونی ئێران و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تەرخانکراوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و پتەوکردنی هاوکاریی هەرێمایەتی بەدوور لە دەستێوەردانی دەرەکی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران زانیاریی زیاتری لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی عومان خستەڕوو و رایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی دیدارەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر دەستنیشانکردنی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ هاتووچۆی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا.

هاوکات بەقایی جەختی کردەوە، رێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی متمانە و هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە ئامانجی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری، بەدوور لە دەستێوەردانی تێکدەرانە و دووبەرەکینانەوەی لایەنە دەرەکییەکان، هیواشی خواست ئەم هەنگاوە ئاستی لێکتێگەیشتن و ئاسایشی هاوبەش بەرز بکاتەوە.













گەلەری