سەردێڕ:

حووسییەکان نزیکن لە دەستبەسەرداگرتنی دەروازەی بابل مەندەب

PM:10:06:10/09/2026

1144 جار خوێندراوەتەوە

چەکدارە حووسیەکانی یەمەن دەستیان بەسەر دوورگەکانی زوقر و حەنیشی گەورە و بچووکدا لە باشووری دەریای سوور گرتوو، بەوەش لە کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوت دەریایی بابل مەندەب نزیکدەبنەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویکردەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی مەخا، حووسییەکان دەستیان بەسەر دوورگەکانی زوقر و حەنیشی گەورەدا گرت و لە گەرووی بابل مەندەب نزیکبوونەوە، هاوکات حەیس و خووخەیان لە نێوان تەعز و حودەیدە کۆنتڕۆڵکردەوە و شەڕ و پێكدادانەکان لە بەرەکانی رۆژئاوای تەعز تووندتر بوونەتەوە.

رۆیتەرز دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو پێشکەوتنانەشدا، حووسییەکان بەڵێنیاندا ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی دەستەبەربکەن و وەستاندنی هێرشەکانیان بە کۆتاییهاتنی دەستدرێژی و گەمارۆکانەوە بەستۆتەوە، لەکاتێکدا هێزەکانی تارق ساڵح بە مەبەستی رێکخستنەوەی ناوەندی فەرماندەییان لە شاری مەخا پاشەکشەیان کرد.

هەروەها، حووسیەکان گەیشتوونەتە دوورگەکانی زوقر و حەنیشی گەورە و حەنیشی بچووک لە باشووری دەریای سوور لە بەرامبەر سنوورە ئاوییەکانی ئەریتریا، ئەم هەنگاوەش دوای دەستبەسەرداگرتنی بەندەریی مەخا دێت، کە حووسییەکان بە شێوازێکی بەرچاو لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی ستراتیجیی بابل مەندەب نزیکدەکاتەوە.

محەمەد عەبدولسەلام وتەبێژی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئازادیی کەشتیوانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و بابل مەندەب پارێزراوە و هیچ مەترسییەکی لەلایەن یەمەنەوە لەسەرنییە، دەشڵێت، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بەرگریکارانەن و هەر کاتێک دەستدرێژی و گەمارۆکان لەسەر یەمەن هەڵگیران، ئەوانیش هێرشەکان دەوەستێنن.

لە سەر زەویش، حووسییەکان دەستبەسەرداگرتنەوەی حەیس و خووخەیان راگەیاند، کە پارێزگاکانی تەعز و حودەیدە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. هاوکات لە میحوەری رۆژئاوای تەعز (لە ناوچەکانی بەرح، مەقبەنە، مووزەع، کودحە و وازیعییە) شەڕی قورس لە نێوان هێزەکانی حکومەت و حووسییەکاندا بەردەوامە.














گەلەری