سەردێڕ:

وادەی داشکاندنی ٥٠٪ـی قەرزی کارەبا کۆتایی هات؛ ٦٠٪ـی هاوبەشانی کارەبا قەرزەکانیان پاکتاو کرد

PM:05:20:10/09/2026

1520 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دوا مۆڵەتی سوودوەرگرتن لە داشکاندنی ٥٠٪ـی قەرزی کۆنی کارەبا کۆتایی هات و پڕۆژەی رووناکیش درێژکردنەوەی وادەکە رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٦٠٪ـی هاوبەشان قەرزەکانیان گەڕاندووەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند،، ئەمڕۆ وادەی بڕیاری داشکاندنی ٥٠٪ لە قەرزی کۆنی کارەبای هاوبەشان کۆتایی هات، دەشڵێت، بە هیچ شێوازێک وادەی دیاریکراو درێژ ناکرێتەوە، بەڵام بۆ ئاسانکاریی هاووڵاتییان لەم دواساتانەدا، دەوامی فەرمانگەکانی کارەبا تا کاتژمێرەکانی ئێوارە و شەو درێژکراوەتەوە.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٥٠ هەزار هاوبەشی کارەبا سوودیان لە بڕیاری داشکاندنەکە وەرگرتووە و قەرزەکانیان پاکتاو کردووە، کە ئەمەش بەپێی ئامارەکان دەکاتە ٦٠٪ـی کۆی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێم.

لای خۆیەوە پڕۆژەی رووناکی ڕایگەیاند، کاتی کارکردنی فەرمانگەکانی کارەبا لە سنووری هەولێر، سۆران، پیرمام، کۆیە، خەبات و شەقڵاوە تاوەکو کاتژمێر ٦:٠٠ ئێوارە و لە سلێمانیش تا کاتژمێر ٩:٠٠ شەو درێژکرایەوە، لە کاتێکدا بنکەکانی دیکە تا ٤:٠٠ ئێوارە کراوە بوون.

پڕۆژەی ڕووناکی ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاووڵاتییان و هاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنیی (ئی-پسوولە) تا کاتژمێر ١٢:٠٠ـی شەوی ئەمڕۆ بەردەوام بن لە دانەوە و پاکتاوکردنی قەرزەکانیان.













گەلەری