سەردێڕ:

هەناردەکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەستی پێکرد

PM:04:44:09/09/2026

2060 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردنی گەنمی زیادەی جووتیارانی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە راگەیاند، کە بەشێکی هەرە زۆری ئاراستەی تورکیا کراوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بەرکەشت ئاکرەیی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،، دوای کۆتاییهاتنی تۆمارکردنی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان و کۆکردنەوەی بەرھەمی زیادەی جووتیاران، پرۆسەی هەناردەکردنی ٢٤٥ هەزار تۆن گەنم بۆ دەرەوە دەستی پێکرد، هاوکات ٢٠٠ هەزار تۆن لە گەنمی کۆکراوە دەهێڵرێتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆ و بەکارهێنانی لە کارگە و کۆمپانیاکانی پیشەسازیی خۆراکدا.

وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم دەشڵێت، دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان و وەرگرتنی تەواوی بڕی گەنمی ماوەی جووتیاران، پرۆسەی رەوانەکردنی گەنمەکە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بە کردەیی دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، بەشی هەرە زۆری ئەم هەناردەیە بەرەو وڵاتی تورکیا رەوانە کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەواوی بڕی ئەو گەنمەی بۆ هەناردەکردن تەرخانکراوە دەگاتە ٢٤٥ هەزار تۆن، لە بەرامبەردا، بڕی ٢٠٠ هەزار تۆن گەنم لە ناوخۆی هەرێمدا دەهێڵرێتەوە تاوەکو بۆ کارگەکان و کۆمپانیاکانی پیشەسازیی خۆراک بەکاربهێنرێت و پێداویستییە ناوخۆییەکانی پێپڕبکرێتەوە.













گەلەری