سەردێڕ:

دووبارە هەڵەی پزیشکی لە هەولێر؛ گەنجێک چاوێکی لەدەستدا

PM:07:42:13/09/2026

952 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری هەولێر گەنجێک دوای ئەنجامدانی دوو نەشتەرگەری لە ماوەی ١٠ رۆژدا چاوێکی لەدەستدا، لەکاتێکدا گەنجەکە، پزیشکەکە بە پچڕاندنی تۆڕی چاوی تۆمەتبار دەکات، پزیشکەکەش نەخۆشەکەی لە نەخۆشخانە دەرکردووە و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، گەنجێک لە هەولێر بەتایبەت بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، چاوێکی لەدەستداوە، کێشەکەشی کاتێک دەستی پێکردووە کە هەستی بە هێڵێکی رەش لە چاویدا کردووە، ئەمەش دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی یەکەم لە ٢٧ـی حوزەیراندا کە دوای سێ رۆژ بینایی لەدەستدا، دواتریش لە نەشتەرگەریی دووەمدا تۆڕی چاوی پچڕا و پزیشکانی دیکەش رەتیانکردەوە بینێرن یان چارەسەری بکەن.

گەنجەکە دەشڵێت، دوای سەردانیکردنەوەی پزیشکەکە، بە بێ بێهۆشکردن (بەنج) چوار دەرزی دیکەی لێدراوە و بە پاساوی سوودنەبینین لە دەرزییەکان، دوای ١٠ رۆژ لە نەشتەرگەری یەکەم، نەشتەرگەریی دووەمی بۆ ئەنجامدراوە، لە ئەنجامی نەشتەرگەریی دووەمدا تۆڕی چاوی پچڕاوە، کاتێک پزیشکەکە داوای نەشتەرگەریی سێیەمی کردووە، گەنجەکە رەتیکردووەتەوە و دواتر ئاڕاستەی دەرەوەی وڵات کراوە.
وتیشی، پاش بێئومێدبوونی، سەردانی ئێرانی کردووە و لەلایەن شەش پڕۆفیسۆری ئەو وڵاتەوە پێی وتراوە، هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی بینایی چاوی نەماوە، لە ئێستاشدا سکاڵای یاسایی لە نێوان خێزانی گەنجەکە و پزیشکەکەدا بە دوولایەنە تۆمارکراوە و گەنجەکەش نیگەرانی خۆی لە هێواشیی بەڕێوەچوونی کەیسەکەی لە دادگا دەربڕیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک بە پزیشکەکەی گوتووە ناکرێت بە ئاسانی لەم پرسە دەربچێت، لە نەخۆشخانەکەی دەریکردوون و پاڵی بە باوکییەوە ناوە و سکاڵای یاساییشی لەسەر تۆمارکردوون، گەنجەکەش لەلایەن خۆیەوە سکاڵای تۆمارکردووە بەڵام گومان دەکات کەیسەکەی بە لایڕێدا ببرێت.













گەلەری