بانکی رەشید رێنمایی و مەرجەکانی پێدانی پێشینەی هاوسەرگیریی بە بڕی ۱۰ ملیۆن دینار ئاشکراکرد و دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە موچەکەی بە بانکی کرابێت و لەسەر بانکی رەشید بێت.
ئەمڕۆ هەینی ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، بانکی ڕەشید لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا رێنماییەکانی پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری و مەرجەکانی دەستکەوتنی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێشینەکە بە بڕی ۱۰ ملیۆن دینارە بە سوودی ٨٪ و ماوەی دانەوەشی پێنج ساڵە، مەرجی سەرەکی بریتییە لە هەبوونی گرێبەستی هاوسەرگیری پەسەندکراو کە ساڵێکی بەسەردا تێنەپەڕیبێت، شانبەشانی مەرجەکانی خزمەت و مووچە.
بەگوێرەی
ڕاگەیەندراوی بانکەکە، داواکار دەبێت داواکارییەکی نووسراو لەگەڵ گرێبەستی
هاوسەرگیریی پەسەندکراو پێشکەش بکات کە تەمەنی لە ساڵێک تێنەپەڕیبێت، لەگەڵ رەچاوکردنی
مەرجەکانی پەیوەست بە خزمەت، تەمەن و بڕی مووچەکەی، قیستی مانگانەشی ۲۰٤ هەزار دینار دەبێت و لە رێگەی
لقەکانی بانکەکە یان ماستەرکاردەوە دەبەخشرێت.
سەبارەت
بە هەرێمی کوردستانیش، ئەم پێشینەیە ئەو فەرمانبەرانەی دانیشتووی هەرێم دەگرێتەوە
کە مووچەکەیان بە بانکی کراوە و لەسەر بانکی رەشیدە.
پێدانی
پێشینەی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۰٧ بە یاسا رێکخرا کە بڕەکەی یەک بۆ دوو ملیۆن دینار بوو، لە ساڵی ۲۰۱۰ کرایە پێنج ملیۆن دینار، بەڵام لە
ساڵی ۲۰۱٤وە بەهۆی
قەیرانی داراییەوە بە تەواوی راگیراوە.