سەردێڕ:

مەزڵووم عەبدی: تێکەڵبوونی هەسەدە بە دەوڵەت خۆڕادەستکردن نییە

PM:01:55:04/09/2026

968 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆکایەتی سووریا رایگەیاند، کورد بووەتە یەکێک لە پێکهاتە دامەزرێنەرەکانی سووریا بە ناسنامەی خۆیەوە و پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بە مانای خۆڕادەستکردن نایەت.


ئەمڕۆ هەینی ٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، مەزڵووم عەبدی راوێژکاری سەرۆکایەتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیشکی خستە سەر قۆناغی نوێی سووریا و پرسی زمانی کوردی و مافە دەستوورییەکانی کورد و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.

ئاماژەی بەوەشکرد،  کە لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا، منداڵان لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ دەیانتوانی بە زمانی کوردی بخوێنن، لە کاتێکدا ئەو مافەی خوێندن بە زمانی کوردی کە ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە دانی پێدانراوە، لەچاو ئەزموونی رۆژئاوادا هەنگاوێکە بۆ دواوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت دوای چەندین ساڵ قەدەغەکردن، دانپێدانانی سنووردار بە زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەتدا پێشهاتێکی مێژووییە.

باسی لەوەشکرد،  ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی سەبارەت بە رێکارە نوێیەکان بە رەوا دەزانێت و وتی، پرسی زمانی کوردی تەنیا بە هەڵوێستی هەندێک لایەنی ناوخۆی سووریا لێک نادرێتەوە، بەڵکو هەڵوێستی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەیە. جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کورد لەسەر پاراستنی ئیرادەی خۆی لەبارەی زمانی دایکییەوە بەردەوام بێت.

وتیشی، کاتێک تەمەنم ١٣ بۆ ١٤ـە ساڵان بوو، بەهۆی کتێبی کوردییەوە هەڵیانکوتایە سەرم و نزیکەی هەفتەیەک دەستبەسەر کراوم، قۆناغی ئامادەکردنی دەستوور لە داهاتوودا بۆ کورد چارەنووسساز دەبێت.

هاوکات، وتیشی هێشتا خشتەیەکی کاتی دیاریکراو نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا کۆمیسیۆنێکی ئامادەکاریی دەستوور پێکبهێندرێت.

جەختی لەوەشکردەوە، ناتوانرێت بە جیا هەڵسەنگاندن بۆ پرسی کورد لە تورکیا و سووریا بکرێت، هەردوو دۆسیەکە ماوەیەکی درێژە کاریگەرییان لەسەر یەکدی هەیە.

وتیشی،  کە تورکیا لە رابردوودا هەسەدەی وەک بەشێک لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینی و ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قۆناخێکی پڕ لە پێکدادان، بەڵام پرۆسەی چارەسەریی ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی بۆ سووریاش هەیە و دەتوانێت بەشداری بکات لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا. لە قۆناغی نوێدا کراوەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.

باسی لەوە کرد، کە ئیلهام ئەحمەد بە بڕیاری سەرۆک کۆمار کراوەتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا و خۆشی وەک راوێژکاری سەرۆک کۆمار دەستنیشان کراوە، بەڵام ئەرکە نوێیەکانیان هێشتا بە فەرمی دەستی پێنەکردووە و دوای تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، لە شام دەستبەکار دەبێت.

 

 

 













گەلەری