سەردێڕ:

مەرجەکانی تڕەمپ بۆ تاران؛ ١٥ خاڵ بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان

AM:01:32:25/03/2026

916 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایان کرد، ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەکی ١٥ خاڵییە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژی و شەڕ لەگەڵ ئێران.


بە گوێرەیی ئاژانسەکان، ئەم پلانە کە لەلایەن جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆفەوە کاری لەسەر دەکرێت، بە ئاگربەستێکی یەک مانگی دەست پێ دەکات بۆ رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنانەی لە غەززە و لوبنان ئەنجام دراون.

وردەکاریی مەرجەکانی ناو رێککەوتنە ١٥ خاڵییەکە:

مەرجەکانی ئەم پڕۆژەیە بەسەر سێ تەوەرەی سەرەکیدا دابەش بوون:

یەکەم: دۆسیەی ئەتۆمی و پشکنین:

- راگەیاندنی ئاگربەستی یەک مانگی بۆ رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.

- لەناوبردنی تەواوی ئەو توانایە ئەتۆمییانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە.

- پابەندبوونی تاران بەوەی هەرگیز هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.

- قەدەغەکردنی پیتاندنی هەر جۆرە ماددەیەکی ئەتۆمی لە ناو خاکی ئێراندا.

- گواستنەوەی تەواوی ماددە پیتێنراوەکان بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

- لەکارخستن و تێکدانی بنکە ئەتۆمییەکانی (نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ).

- رێگەدانی بێ مەرج بە ئاژانسی ئەتۆم بۆ دەستگەیشتن بە هەموو زانیاری و شوێنەکان.

دووەم: سەقامگیری ناوچەیی و توانای سەربازی:

- دەستبەرداربوونی ئێران لە پاڵپشتیکردنی گرووپە بریکارەکان و تاقمە چەکدارەکان.

- راگرتنی کردەیی هەموو جۆرە تەمویلکردن و پڕچەککردنی گروپە لایەنگرەکانی تاران.

- کراوە هێشتنەوەی گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی دەریایی ئازاد.

- سنووردارکردنی ژمارە و مەودای پڕۆژە موشەکییەکانی ئێران لە داهاتوودا.

- بەکارهێنانی توانای سەربازی ئێران تەنها بۆ مەبەستی بەرگری لە خاک.

سێیەم: ئابووری و گەرەنتییە ئاشتییانییەکان:

- هەڵگرتنی تەواوی ئەو سزایانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا خراونەتە سەر ئێران.

- پابەندبوونی ئەمریکا و ئیسرائیل بەوەی جارێکی دیکە هێرش نەکەنەوە سەر خاکی ئێران.

- پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ئەتۆمی مەدەنی لە بوشەهر تەنها بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.














گەلەری