وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە هاوڵاتییانی پێنج پارێزگا دەکات بەهۆی بارانبارینی زۆر و ئەگەری دروستبوونی لافاو، ئاستی ئامادەکاری و هۆشیارییان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا بە تەواوی و بە خێرایی بەرز بکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، دانیشتووانی هەر یەکە لە پارێزگاکانی واست، دیالە، ئەنبار، کەرکووک و سەڵاحەددین دەبێت لە ڕێڕەوی ڕووبار و دۆڵەکان دووربکەونەوە تاوەکو لە مەترسیی لافاو لە ناو شارەکاندا بە تەواوی پارێزراو بن.
وەزارەتی ناوخۆ
داوای لە هەمووان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن و نزیکی ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئەگەری
کۆبوونەوەی ئاوی زۆریان تێدایە، تاوەکو گیان و سامانی هاووڵاتییان لە بەرامبەر ئەم
شەپۆلەدا پارێزراو بێت.
لەلایەکی دیکەوە،
ناوەندی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و
لایەنە ئەمنییەکان چاودێریی مەیدانیی دۆخەکە دەکەن و لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی
هەر جۆرە بارودۆخێکی نەخوازراو و کتوپڕ لە ناوچەکاندا.
پێشتر وەزارەتی
سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداریی دابوو کە بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکان
و کۆگاکانی پاشەکەوتکردنی ئاو بەرزبووەتەوە، بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا لە بەشێکی
زۆری ئەو پارێزگایانە کراوەتە پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی دوو رۆژ.