سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتیمانی لەبارەی هێرشەکانەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد

PM:11:45:24/03/2026

860 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریدا بە دەستکراوە کردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەریان و بانگێشتکردنی باڵیۆزانی ئەمریکا و ئێران، تاوەکو نامەی ناڕەزایەتییان پێبدات.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی کۆبووەتەوە و دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و پرۆسە سەربازییەکانی تاوتوێکردووە، وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە، بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە ئەنبار، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بڕیاریداوە باڵیۆزانی ئەمریکا و عێراق بانگێشت بکرێن و نامەی فەرمیی ناڕەزایەتییان پێبدرێت.

وتیشی، " ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، چەندین بڕیاری گرنگی دەرکرد لەپێناو رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی سەروەریی عێراق".

دەشڵێت، دوایین پێشهاتەکانی جەنگ و پڕۆسە سەربازییەکان تاوتوێکران کە لە ناوچەکە ڕوودەدەن و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق جەختیان لێکرایەوە، دەوڵەت بەگوێرەى دەستوور خاوەنی بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگ و ئاشتییە، ڕێگە بە هیچ لایەن و تاکێک نادات دەستبەسەر بڕیاری جەنگ و ئاشتیدا بگرێت و ڕێکاری یاسایی دژی هەر لایەنێک دەگرێتەبەر بە پێچەوانەوە مامەڵە بکات، کۆبوونەوەکە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردەوە سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکان، بۆ ڕەتکردنەوەی دووژمنکاری و بە ئامانجگرتنی سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەی گۆڕینی سیستمەکانیان و لێدان لەژێرخانەکانەکانیان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، " لەگەڵ جەختکردنەوە بۆ پیادەکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و بونیادنانی باشترین پەیوەندیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و دوورخستنەوەی عێراق لە تێوەگلان لە ململانێ و جەنگەکان، کۆبوونەوەکە جەختی لەوەکردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام دەبن، لەنێویاندا دەستەی حەشدی شەعبی، کە یەکێک لە پایەکانی سیستمی ئاسایشی نیشتمانی، پێویستە لەسەر هەمووان کە پارێزگاری لە ئەندامانی ئەم هێزە بکات، هەروەها ڕێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت، لەناو دەستەکە لە دەرەوەی یاسا مامەڵە بکات".

دیارترین بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی

لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەستدرێژییە بێ پاساو و پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر سەروەریی عێراق و بە ئامانجگرتنی بارەگای هێزە ئەمنییە فەرمییەکان، ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی بڕیاریدا

- بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییە سەرباییەکان، جەختکراوەتە هێزە ئەمنییەکان بەرەنگاری ئەو دەستدرێژییە سەربازییانە ببێتەوە کە لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە بارەگا و بنکەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و تەواوی هێزە چەکدارەکان دەکاتە ئامانج، لەڕێگەی ئامرازی بەردەست بەگوێرەى بنەمای مافی وەڵامدانەوە و بەرگری لەخۆکردن.

- ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی بەشدارن لە هێرشی سەر دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەکان و ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لە پشتیانەوەن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکانی دەرچوو لەلایەن دادگاوە، فەرماندە سەربازییەکان بەرپرسیارن لە هەر دواکەوتنێک لە جێبەجیکردنی و جەختکراوەتەوە هیچ کەسێک لە دەرەوەی یاسا نییە.

- ڕاسپاردنی وەزارەتی دەرەوە، بە گرتنەبەری ڕێکاری پیویست بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دژی هەر دووژمنکارییەک ئەنجام دەدرێت و لێکەوتەکانی و داوای ڕاگرتن و سەرکۆنەی بکرێت، لەگەڵ بانگێشتکردنی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و باڵیۆزی ئێران نامەی ناڕەزایەتیی فەرمییان پێبدرێت، بەهۆی هێرشی سەر بارەگای حەشدی شەعبی لە ئەنبار و ناوچەکانی دیکە و بارەگاکانی هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستان پێشمەرگە لە هەولێر"













گەلەری