سەردێڕ:

راگەیەندراوی حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە و هێرشەکانی سەر هەرێم

PM:07:29:24/03/2026

892 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هێرشەکانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات و جەخت لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق دەکاتەوە. هاوکات وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاند، تەواوی رێکارە پێویستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستا گیراونەتەبەر و جەختیشیکردووەتەوە کە سەرجەم خەرجییەکان، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، مسۆگەر کراون.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە تێیدا جەخت لە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک لەم بارودۆخە هەستیارەدا کرایەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، هێرشەکانی سەر پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ەتکردەوە و جەختی لەسەر پاراستنی دامەزراوەکان و باڵیۆزخانەکان و پەرەپێدانی توانای هێزەکان بۆ چەسپاندنی ئارامی لە تەواوی عێراقدا کردەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی تەواوی مووچە و خەرجییەکان لەم دۆخەدا دووپات کردەوە و لەهەمان کاتدا وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری دا لە ئەگەری دروستبوونی لافاو بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی نوێ بۆ سەر ناوچە نزمەکان.
لەلایەکی دیکەوە، هەر لە کۆبوونەوەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ پلانی هەناردەکردنی نەوتی لە رێگەی بۆریی تورکیاوە روونکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاریدا بە شێوەیەکی خێرا بەنزین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ هاوردە بکرێت تاوەکو هیچ گرفتێکی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییان دروست نەبێت.













گەلەری