وەزارەتی پێشمەرگە، زنجیرەیەک رێنمایی نوێ و توندی بۆ تەواوی ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەرکرد. بەپێی ڕێنماییەکان، لێدوان بۆ میدیاکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازی لە سۆشیال میدیا بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت دەزگاکانی راگەیاندن بچنە ناو بارەگا و شوێنە سەربازییەکان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بڵاوکردنەوەی هەر وێنە، ڤیدیۆ و زانیارییەک تایبەت بە
سەنگەرەکان و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و داواشی لە هاووڵاتییان و پێشمەرگە کردووە، هەر پەیج و ئەکاونتێک بە ناوی پێشمەرگەوە
زانیاری بڵاو بکاتەوە، لینکی پەیجەکەیان بۆ بنێرن تاوەکو رێکاری یاسایی بەرامبەر
بگرنە بەر.
وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی توند دەداتە کارمەندانی و دەڵێت، "هەر
ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پێشێلی ئەم رێنماییانە بکات، رووبەڕووی تووندترین سزای سەربازی
و کارگێڕی دەبێتەوە" و بۆ ئەم مەبەستەش چاودێرییەکی وردی سۆشیال میدیا دەکرێت
بۆ دۆزینەوەی هەر سەرپێچییەک.
لە رێنماییەکاندا هاتووە کە پێویستە ئەفسەرانی راگەیاندن، هۆشیاری، هەواڵگری
و ئۆپەراسیۆنەکان لە یەکە سەربازییەکاندا، چاودێری وردی تەواوی جموجوڵەکانی پێشمەرگە
بکەن، ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارانەش پاراستنی ئاسایشی زانیاری و پاراستنی گیانی پێشمەرگەکانە
لە سەنگەرەکاندا.